موچە كەم دەكرێتەوە وتەنها موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەكان بۆئەم موچە خۆرانە خەرج دەكرێت

01/07/2019 - 15:29 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
 لەچوارچێوەی هەمواری یاسای خزمەتی شارستانیی، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، موچە پلە تایبەت و موچە بەرزەكانی بەڕێژەیەكی زۆركەم دەكاتەوە ، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ، وە ئەندامی لیژنەی دارایی رایدەگەیەنێت، راسپاردەكەمان بەوشێوەیەیە كە تەنها موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەكان و هەندێك نەسرییەیان بۆ خەرجبكرێت.
د.جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسۆنی یەكگرتوو وە ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: پلە تایبەت و موچە بەرزەكان لەعیراق كە بریتین لە وەزیر و بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و خانەنشینی پلە باڵاكان، موچەو ئیمتیازاتێكی زۆریان هەیە، لەوانە دەرماڵەیەكی زۆری مەترسی وەردەگرن، بۆیە ئەو موچە زۆر و ئیمتیازاتانە لەهەمواری یاسای خزمەتی شارستانیدا رێكدەخرێن و بەڕێژەیەكی زۆر كەمدەكرێتەوە، وە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقیش موچە و ئیمتیازاتێكی زۆریان هەیە كەجگە لەدابینكردنی چەند ئۆتۆمبێل و ژمارەیەك پاسەوان، نەسرییەكی زۆریان پێدەدرێت.
ئەوەشی ئاشكرا كردوە، ئێستا هەمواری یاسای خزمەتی شارستانی لە لیژنەی دارایی پەرلەمان ئامادەیەو بەهۆی پێشنیازی كەمكردنەوەی موچە باڵاكانیش، فشارێكی زۆر لەسەر لیژنەكە دروستبووە.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو ئەوەشی بەتۆری هەواڵی سلێمانی راگەیاندوە، لە راسپاردەكانمان بۆ حكومەتی عیراق، بەژمارە ئاماژەمان بەموچەی هیچ توێژێك نەكردوە، بەڵام خەرجكردنی دەرماڵەی مەترسی و هەندێك نەسرییەمان لابردووەو داوامانكردوە كە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەكان بۆ پلە تایبەتەكان خەرجبكرێت بۆئەوەی دادوەریی لەموچەدا بچەسپێنرێت.