لە بەغداوە كێشە بۆموچەی ئەم موچە خۆرانەی هەرێم دروست دەكرێت

01/07/2019 - 15:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ماوەیەكی زۆرە هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا لە پەیوەندیدان بۆ هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی هەرێم لەگەڵ بەغدا، بەڵام لە ئێستادا هەندێك كێشە لە بەردەم هاوتاكردنەكە دروستبووە، حكومەتی عێراق ئامادە نییە مووچە بە كەسوكاری بەشێك لە شەهیدانی هەرێم بدات، جگە لەوە بەغدا ئامادەش نییە بە بێ وردبینیكردن لە ناوی زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان مووچەكانیان هاوتا بكات..

غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: بۆ بەدواداچونی كارەكانی هاوتاكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیان، لەگەڵ جێگری سەرۆكی دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق كۆبووینەوەو رایگەیاندووە كە هەندێك كێشەی تەكنیكی و هونەری ماوە بۆ هاوتاكردنی مووچەی ئەو توێژانەی هەرێم،پێویستە لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێم بنكەی دەزگای زیندانیانی سیاسی دابنرێت و وردبینی لە ناوی زیندانییە سیاسییەكانی هەرێم بكرێت، بە جۆرێك ئەو كەسانە یاساكەی عێراق دەیانگرێتەوە بەپێی یاساكەی خۆیان رێژەی مووچەكەی دیاری بكەن، بەڵام تائێستا بۆیان نەكراوە ئەو بنكانەیان بۆ بكرێتەوە.

ئەوەشی ئاشكراكردوە، دەزگاكە دەڵێت دەبێت هەرێم كارئاسانیان بۆ بكات بۆ كردنەوەی ئەو بنكانە و هەر كەسێكیش یاساكە نەیگرتەوە ناتوانن وەریبگرن، بەڵام خاڵی جیاواز لە نێوانی دەزگاكە و حكومەتی هەرێم ئەوەیە هەرێم دەیەوێت بێ ئەوەی وردبینی ناوەكان بكرێت بخرێتەسەر عێراق، بەغداش رازی نییە.

لەلایەن خۆیەوە، فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی شەهیدانی هەرێم رایگەیاند: هەندێك كێشە لە پۆلینكردنی شەهیدان دروستبووە، چونكە لە هەرێم چەند جۆرێكی شەهید هەیە وەكو شەهیدی سەنگەر و كیمیاران و ئەنفالكراوان، بەڵام لە بەغدا یەك جۆر شەهید هەیە، چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بە رێكخستنەوەی یاسای نێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت كە هەردوولا خەریكین یاسا و رێنماییەكانی تایبەت بەو كارە رێكبخەینەوە.

سەبارەت بە وردبینكردنی ناوی شەهیدان و زیندانیان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان ئاشكرای كردوە، هەرێم كێشەی لەگەڵ وردبینیكردن نییە و ئامادەین هەموو هاوكارییەك بكەین، بەڵام تائێستا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وەڵامی دەزگای شەهیدانی نەداتەوە بۆ كاركردن لەسەر ئەو دۆسیەیە، وە ئەوەی لە بەغداوە باس دەكرێت، یەكێكە لە راسپاردەكانی لیژنەی هاوبەشی نێوان هەرێم و بەغدا كە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەرزكراوەتەوە.

فواد عوسمان ئەوەشی بۆدوارۆژ ئاشكرا كردوە، مانەوەی وەزارەتی شەهیدان دەمێنێتەوە سەر ئەو وەزارەتەی لەلایەن عێراقەوە دروستدەكرێت، ئایا شێوازی پەیوەندی لەگەڵ هەرێم چۆن دەبێت، وە دەبێت تایبەتمەندی هەرێم لەبەرچاو بگیرێت و ئەو یاسایانەش كاری پێبكرێت كە لەلایەن هەرێمەوە دەردەچێت.