پارتی و یەكێتی نەگەیشتنە ڕێككەوتن

02/07/2019 - 08:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

پارتی پێداگرە لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ كاندیدی هاوبەشی ئەوان بێت لەگەڵ یەكێتی و تەواوی پێكهاتەكاندا، ئەوەش دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەیەك لەگەڵ یەكێتی، بەبێ ئەوەی لەسەر پۆستەكە رێكبكەون.

لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی، شاندی یەكێتی و پارتی كۆبوونەوە بۆ دۆسیەی دانانی پارێزگاری كەركوك، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی.

(دڵشاد شەهاب) ئەندامی سەركردایەتی و شاندی دانوستانكاری پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی : باسی داهاتووی پارێزگای كەركوك و پێكەوە ژیانمان كرد، گفتوگۆ لەسەر ناوهێنانی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری شارەكە كرا، بۆچوونی هەردولا وابوو، ئەو ناوەی رایدەگەیەنن كاندیدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی و لیستی برایەتی و سەرجەم پێكهاتەكانی دیكە بێت.

پۆستی پارێزگاری كەركوك كە یەكێتی بە مافی خۆی دەزانێت، لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و گەڕانەوەی هێزەكانی حكومەتی عێراقییەوە بۆ ناوچەكانی جێناكۆك كەوتۆتە دەست (راكان سەعید) لە پشكی عەرەبی سونەو لەكاتەوە هەوڵەكانی یەكێتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكە شكستیهێناوە، بەهۆی بایكۆتی پارتییەوە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك.

عەرەبی كەركوك، كە لە ئێستادا پۆستەكەی بەدەستیەوە ئامادەیی بۆ بەجێهێشتن و رادەستكردنەوەی دەرنەبڕیووە، توركمانی شارەكەش، بەتایبەت بەرەی توركمانی، داوادەكەن وەك ئیستحقاقێكی نەتەوەیی پۆستەكە بۆ ماوەیەكیش بەوان بدرێت.

ئەنجومەنی پارێزگا كە لە 41 ئەندام پێكدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (كورد)، توركمان بە هەردوو مەزهەبی شیعەو سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە.