ناوی كاندیدێك بۆ پارێزگاری كەركوك ئاشكرا دەكرێت

03/07/2019 - 09:02 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

ڕاوێژكارێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، فەریقی یەكەمی فڕۆكەوان (ئەنوەر حەمە ئەمین) فەرماندەی گشتی هێزی ئاسمانی عێراقی رەزامەندی بەشێك لەهێزو لایەنە سیاسیەكانی لەسەر دروست بووە، بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.

ناوبراو فەرماندەی یەكەمی لیوای گاردی نیشتیمانی عێراقی بووە لەكەركوك و خەڵكی شارەكەیەو كەسێكە دەتوانێ باڵانس لە نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە رابگرێ.

فەریقی یەكەمی فڕۆكەوان (ئەنوەر حەمە ئەمین) لە ساڵی (2007) ەوە لەناو وەزارەتی بەرگری عێراقی چەندین پۆست و پلەی هەستیاری بەڕێوەبردوەو زۆربەی پۆستەكانیشی وەك تەكنۆكرات و بێلایەن و ئەكادیمی و كەسی شارەزا پێ سپێردراوە

فەریق ئەنوەر لە دایكبووی كەركوكەو كۆلێژی سەربازی و ئەركانی تەواو كردوەو بە پێی زنجیرەی سەربازی گەیشتۆتە پلەی فەریقی ڕووكن كە بەرزترین پلەی سەربازییە لەڕیزەكانی سوپای عێراقی.

ناوبراو خێزاندارەو دوو كوڕو كچێكی هەیە، نیشتەجێی گەڕەكی غەرناتەی شاری كەركوكە، لەبنەماڵەی ئاغاكانی سەرگەڕانی قەزای دووبزە.

شارەزایی لەزمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و ڕووسی و فەرەنسی و توركی بەباشی دەزانێ و قسەی پێ دەكات.

سەرچاوەیەكی ئاگاداریش رایگەیاندووە، ناوبراو چەند جارێك هەوڵی لەگەڵ دراوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام تا ئێستا ڕوون نیە ئایا ڕەزامەندی نیشان داوە یاخود نا ؟