پارتی سەرۆكی پەرلەمان رادەستی یەكێتی دەكات

03/07/2019 - 15:47 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
وا بریارە لە (12) ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان متمانەی بەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بدات و پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رادەستی یەكێتیی بكات ، پەرلەمانتارێكی پارتیش ئاشكرای دەكات ، یەكێتیی دەتوانێت لەكۆبونەوەی 12ی ئەم مانگەو لەگەڵ متمانەدان بەكابینەی حكومەت، پۆستەكەی وەربگرێتەوە.
خەدیجە عومەر ئەندامی لەپەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: بابەتی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پەیوەستە بەبرادەرانی یەكێتیەوەو هەركات داوابكەن ئەو پۆستە وەربگرن، ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی ئامادەین و ڕاستەوخۆ سەرۆكی پەرلەمان دەست لەكاردەكێشێتەوەو كاندیدەكەی یەكێتی شوێنی دەگرێتەوە، وە دەتوانرێت لەگەڵ متمانەدان بەكابینەی حكومەت لە(12) ی ئەم مانگەدا، ڕاستەوخۆ ئەو بڕگەیەش بخرێتە بەرنامەی كاری كۆبونەوەكەوەو ئاڵوگۆڕ بەپۆستی سەرۆكی پەرلەمان بكرێت و بەرپرسەكەی یەكێتی ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.
پەرلەمانتارەكەی پارت ئەوەشی بۆتۆری هەواڵی سلێمانی ئاشكرا كردوە، دوای متمانەدان بەكابینەی حكومەتیش، یەكێتی دەتوانێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێتەوە، بەڵام بۆ ئەوەش دەبێت پەرلەمان كۆبونەوەی نائاسایی ئەنجامبدات و پارتی پۆستەكە ڕادەستی یەكێتی بكات، بەڵام ئەگەر ئەو پرسە بەر لە 12ی 7ی 2019 یەكلابكرێتەوە دەشتوانرێت بەر لەمتمانەدان بەكابینەكەی حكومەت ئاڵوگۆڕ بەو پۆستە بكرێت و یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێتەوە.