پەرلەمانتارێك هۆكاری نەبڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرا دەكات

09/07/2019 - 14:31 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرای دەكات، دوێنێ‌ بە ڕێكەوت (سوتفە) موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەبڕدراوە و مەترسی زۆری لەسەرە ببڕێت، چونكە حكومەتی هەرێم پابەندنابێت بە جێبەجێ‌ كردنی چەند ڕێككەوتن و بڕیارێكەوە.

غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند : لە كۆبوونەوەی دوێنێی پەڕلەماندا تەنها (49) پەڕلەمانتار لەگەڵ ئەوەبوون، بەرامبەر بە ڕادەستنەكردنی نەوت، موچەی فەرمانبەران ڕابگیرێت، بەڵام پێش ئەوە نزیكەی( 25) پەڕلەمانتار چوونە دەرەوەی هۆڵەكە و ژمارەیەكی دیكەش لەوێو نەبوون، ئەگینا دەستكاری یاساكە دەكرایە و مەترسی بۆ سەر موچە دروست دەبوو.

ئەوەشی ئاشكرا كردوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم هەوڵی جدی نەدات و نەوتەكە ڕادەستنەكات، دژایەتی زۆر بۆ موچە و پشكی هەرێم دروستدەبێت و ئەوكاتە بەرپرسیارەتی دەكەوێتە ئەستۆی هەموو حزبەكانی بەشدار لە حكومەتی هەرێم.

دەربارەی چارەنووسی موچە لە ساڵی داهاتوودا غالب محەمەد ئەوەشی بۆخەڵك ئاشكرا كردوە، ئیش بەم شێوەیەی ئێستا ناڕوات، حكومەتی هەرێم ساڵانە نزیكەی (5 ) ترلیۆن دینار لە عیراق وەردەگرێت و یەك دینار بۆ سەر بودجەی گشتی لە بەغدا زیادناكات، هەر (58) پەڕلەمانتارەكەی كورد بێنە دەرەوە و هەڵوێست وەربگرن بۆ ساڵی داهاتوو، بەبێ‌ ڕادەستكردنی نەوت و داهات، موچەی فەرمانبەران بەم شێوەی ئێستا نانێردرێت.