ئه‌مڕۆ وەزیری دارایی بانگهێشت دەكرێت.. دڵنیایی بە موچەخۆرانی هەرێم دەدرێت

شكۆ 11/07/2019 - 09:39 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئه‌مڕۆ هەردوو وەزیری دارایی و نەوتی عیراق بانگهێشتی دانیشتنی پەرلەمانی عیراق دەكرێن و پەرلەمانتارێكی عەرەب لیژنەی داراییش دڵنیایی بەموچەخۆرانی هەرێم دەدات و رایدەگەیەنێت"مەترسی لەسەر موچەكانیان نابێت و ناردنی موچە بەردەوام دەبێت"، هۆشداریش بەحكومەتی هەرێم دەدات بۆ ساڵی 2020.

د.حەنین قەدۆ ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، راگەیاند، ئه‌مڕۆ 11ی 7ی 2019، هەردوو وەزیری دارایی و نەوت بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێن، بۆئەوەی پرسیاریان ئاڕاستەی بكرێت لەبارەی نەوت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

وتیشی:"هەرچەندە بەپێی یاسای بودجەی 2019ی عیراق، دەبێت رۆژانە هەرێم بڕی 250هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، بەڵام ئەم پرسە پەیوەندی بەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە نییە و ناردنی موچە بەردەوام دەبێت".

ئەو پەرلەمانتارە هۆشداریش بەحكومەتی هەرێم دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەگەر هەرێم بەردەوام بوو بە رادەستنەكردنی نەوت بە بەغدا، ئەوە بۆ ساڵی داهاتوو كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاڵۆزتر دەبنەوەو مەترسی لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانیش دەبێت.

ئەوەشی ئاشكراكرد، وەكو ئەنجومەنی نوێنەران داوامان لەهەرێمی كوردستان كردوە كە لیستی موچەخۆرانی شارستانی و ئەمنی رەوانەی بەغدا بكات بۆئەوەی پێداچوونەوەی بۆ بكرێت و داتاكانی پشتڕاستبكرێنەوە، بەڵام تائێستا ئەو لیستانە نەنێردراوە.

 

 

 

 

snn