لە هەولێر باندێك بەڕێگایەكی نوێ فێڵ لە شۆفێران دەكەن و تەنیا بە ئابڕووچوون یان كڕینەوەی ئابڕوویان بە پارە لێی دەردەچن و لایەنە ئەمنیەكانیش ڕایدەگەیەنن: ئەو كەسانەی دەكەونە داوی ئەو باندەوە لە ترسی وێنە و ڤیدیۆكانیان سكاڵا تۆمار ناكەن.
بەپێی وتەی شۆفێرێكی تەمەن 43 ساڵ، كە خێزاندارە و باوكی سێ منداڵە، ماوەی دوو ساڵە هاتووچۆ بە چەند مامۆستایەكی دانیشتووی هەولێر دەكات كە لە قەزای خەبات وانە دەڵێنەوەو ڕایگەیاند: رۆژێك مامۆستاكانم گەیاندە قوتابخانە و گەڕامەوە، لە دوورەوە ئافرەتێكم بینی دەستی لە دوو ئۆتۆمبێل راگرت، بەڵام رانەوەستان، منیش كە نزیك بوومەوە بۆم هێواش كردەوە و سەرمخست، من كەسێكی لە خواترسم، دوو ساڵ پێش ئێستا عەمرەم كردووە، ویژدانم قبوڵی نەكرد ئافرەتێك بە تەنیا لەسەر ئەو جادەیە بێت و خەڵكی خراپ بێڕێزیی پێبكەن، بەڵام ئەو بە تەنیا نەبوو، كە سەرمخست، بێ ئاگابووم لەوەی ئەوە پلانە.
ئەوەشی خستەڕوو: چەند كیلۆمەترێك رۆیشتبووم، ئۆتۆمبێلێكی BMW هاتە تەنیشتم و وتی ئۆتۆمبێلەكە راگرە، لە ئافرەتەكەم پرسی تۆ ئەوانە دەناسی؟ وتی: بەڵێ ئەوە براكانمن، منیش ئۆتۆمبێلەكەم راگرت، یەكێكیان ئافرەتەكەی بردە نێو ئۆتۆمبێلەكەی خۆیان و دوو كەسەكەی دیكە زۆر قسەی ناشیرینیان پێوتم، تۆمەتباریان كردم كە خوشكەكەیانم هەڵخەڵەتاندووە و دەمەوێت بیبەم .
ئەو شۆفێرە كە بەڕوداوی ڕاگەیاند، ئەوەشی خستەڕوو: لەژیانمدا ئەوەندە نەترساوم، چونكە تۆمەتەكە زۆر قورسە و پەیوەندی بە ئابڕوومەوە هەیە، هەرچەندە بۆم روونكردنەوە، بەڵام وتیان رادەستی پۆلیست دەكەین و سكاڵات لەسەر تۆمار دەكەین، دەبێت خوشكەكەشمان مارە بكەی، یان هەزار دۆلارمان دەوێ، من ژن و سێ منداڵم هەیە و لەترسی ئابڕووچوونم ناچاربووم ئەو پارەی لەلام بوو كە 590 هەزار دینار بوو، بیاندەمێ، پێموتن تەنیا ئەوەندەم پێیە، ئەوەتان دەدەمێ و رێگەم بدەن بڕۆم .
دوو مانگ بەسەر ئەم رووداوەدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەو شۆفێرە هێشتا شۆك بەرینەداوە و دەڵێت: ئیدی لە ژیانمدا لە رێگای دەرەوە خزمی خۆشم ببینم سەری ناخەم، ئەو كاتەی سێ كەسەكە رێگەیان پێگرتم بە مۆبایل ڤیدیۆیان كردبوەوە و چەكیان پێبوو، بۆیە نەمتوانی بەرگری لە خۆم بكەم .
شۆفێرەكە لە یەكێك لە بنكەكانی پۆلیس سكاڵای لەسەر ئەو كەسانە تۆمار كردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی كامێرای چاودێری لەو شوێنە هێشتا تۆمەتباران دەستگیر نەكراون.
ئەو باندانە ئافرەتی سەرنجڕاكێش لە دەرەوەی شار و سەر شەقامە چۆڵەكان دادەنێن و شوفێر بە سەرخستنی ئافرەكەتە دەكەوێتە داویانەوە، چەند پیاوێكی باندەكە پێش لە شوفێرەكە دەگرن و خۆیان بە كەسوكاری ئافرەتەكە دەناسێنن و بەبیانووی پاراستنی نامووسیان هەڕەشە لە شوفێرەكە دەكەن و پارەی لێدەستێنن.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی هەولێر بە هەمان سەرچاوەی هەواڵی راگەیاند:" دوو حاڵەتی دیكەی هاوشێوەی رووداوەكەی مەجید هەن. ئەو كەسانە بەشێوەی باند كاردەكەن و ئافرەت بەكاردێنن بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵك، كەسی شارەزان و بەپێی پلان ئەو كارە دەكەن، هیچ ئاسەوارێكیش لەدوای خۆیان بەجێناهێڵن. ئافرەتەكە لەسەر شەقامێكی سەرەكی دادەنێن و لە شوێنێكیش رێ لە شوفێرەكان دەگرن كە هیچ كامێرایەكی چاودێری لێ نەبێت".