پۆلیسی سلێمانی هاوڵاتیان لە مەترسیەك ئاگادار دەكاتەوە

11/07/2019 - 16:25 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچرا تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە لەرێی‌ فەیسبوكەوە فێڵی‌ لەئافرتێك كردوەو پێنج ملیۆن دیناری لێسەندووە.

 

بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردیو كەوتووە ڕایگەیاند: پاش تۆماركردنی‌ سكاڵای‌ یاسایی لەلایەن ئافرەتێكەوە كە كەسێك لەرێی‌ پەیجێكی‌ فەیسبوكەوە خۆی‌ وەك ئافرەت پێناساندووەو ژمارەیەكی‌ موبایلی‌ داوەتێ كە ژمارەی‌ خۆی‌ بووەو پێی‌ وتووە كە ئەمە ژمارەی‌ موبایلی‌ كەسێكی‌ باشەو بەمەبەستی‌ هاوسەرگیریی‌ پێی‌ ناساندووە كە ئەو كەسەش هەمان تۆمەتبار خۆی‌ بووەو بڕی‌ چوار تا پێنج ملیۆن دیناری‌ لێسەندووە.

 

لە ڕونكردنەوەكەدا هاتووە: تۆمەتباره‌كه‌ ناوی‌ (ر، ك، م) لەدایكبوی‌ ساڵی‌ 1992و لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچراوە توانرا تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوەو دەستگیر بكرێت، هەروەها دەستگیرا بەسەر موبایلەكەیداو دەركەوت كە تۆمەتبارەكە خۆی‌ سەرپەرشتی‌ ئەو پەیجەی‌ كردووە.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە: لەئێستادا بەبڕیاری‌ دادوەرو بەپێی‌ ماددەی‌ 2 لەیاسای‌ خراپ بەكارهێنانی‌ ئامێرەكانی‌ پەیوەندییكردن ڕاگیراوەو لەلایەن بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچراوە پەڕاوی‌ لێكۆڵینەوەی‌ بۆ كراوەتەوە.

 

پۆلیسی سلێمانی لە كۆتایی ڕونكردنەوەكەدا داوا لەهاوڵاتیان دەكەن كە بەوریایی‌و هۆشیارییەوە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكاربهێنن‌و متمانە بەپەیج‌و ئەكاونتە ساختەكان نەكەن، لەبونی‌ هەر حاڵەتێكی‌ نەخوازراویش هێزەكانی‌ پۆلیس ئاگادار بكەنەوە تا بەهانایانەوە بچن‌و كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكەن.