سبەینێ شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغداد دەكات

15/07/2019 - 15:10 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


دوای ئەوەی ئەمرۆ دووشەممە یەكەمین كۆبوونەوەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەینجومەنی وەزیران بەرێووەچوولەكۆبونەوەكەدا بریاردرا كە سبەینێ سێشەممە شاندێكی حكومەتی هەرێم بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی سەردانی بەغداد بكات.

لە كۆبونەوەكەدا ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێكیشی دەركرد، وەك ئاشكراكردنی موڵك و ماڵی وەزیرەكان بۆ دەستەی دەستپاكی و نەهێشتنی دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

دەقی بڕیارەكان...

یەكەم: سەرجەم وەزیرەكان و خاوهن پۆستە باڵاكان دەبێت پابەندبن بە دەوامی فەرمی وەزارەتەكانیان لە دەستپێكی دەوامی رۆژانی یەكشەممەوە تا كۆتایی دەوامی فەرمی لە رۆژانی پێنجشەممە.

دووەم: سەرجەم فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم دەبێت پابەندبن بە كاتی دیاریكراوی دەوامی فەرمی و هیچ كەسێك بۆی نیە لەكاتی دەوامی فەرمیدا شوێنی كاركردنی خۆی بەجێبهێڵیت یان كارێكی دیكەی دەرەوەی ئەركەكەی جێبەجێ بكات.

سێیەم: فەرمانبەران دەبێت پابەندبن بە پاراستنی نهێنی كاروباری فەرمانبەرییەتی و نابێت ئەو زانیارییانەی كە بە نهێنی پۆلێن دەكرێن، لە دەرەوەی رێكارە یاساییەكان ئاشكرا بكرێن.

چوارەم: هەموو وەزیرەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت بەپێی یاسا ورێنماییەكانی دەستەی دەستپاكیی كوردستان، سەرجەم ماڵ و موڵكی خۆیان ئاشكرا بكەن.

پێنجەم: دەبێت رووتین لەداموودەزگانی حكومەتدا نەمێنێت وسەرجەم مامەڵەی هاووڵاتیان بەشێوەیەكی خێرا و ورد، لەلایەن فەرمانبەرانەوە جێبەجێ بكرێت. هەروەها وەڵامدانەوەی سكاڵا و پرسیاری هاووڵاتیان بەشێوەیەكی خێرا و گونجاو، ئەركی دامودەزگاكانی حكومەتە و دەبێت وەڵامی روون و ئاشكرا بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان هەبێت و هۆكاری هەردواكەوتنێك یا رەزامەندی نەدانێك روون و ئاشكرا بێت وپێویستە رێز لە هاوڵاتیان بگیرێت لە داموودەزگاكانی حكومەتدا.

شەشەم: دیاردەی بەرتیلدان و بەرتیل وەرگرتن، لەناو دامودەزگاكانی حكومەتدا هەستی پێدەكرێت، بۆیە بنبڕ كردنی ئەم دیاردەیە دەبێتە یەكێك لەكارە لەپێشینەكانی وەزیر و بەرپرسە باڵاكانی حكومەتی هەرێم و ئەم بابەتە بە هیچ شیوەیەك چاوپۆشی لێ ناكرێت و سەرپێچیكاران بە تووندی سزا دەدرێن.