بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی: كێشەی كەمی دەفتەری پاسپۆرت چارەسەركرا

15/07/2019 - 16:16 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، تاڕادەیەك كێشەی كەمی دەفتەری پاسپۆرت چارەسەر كراوەو هاووڵاتیان دەتوانن مامەڵەی وەرگرتن و نوێكردنەوەی پاسپۆرت بكەن.

عەمید سالار عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی لەلێدوانیكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند"لە رابردوو بەهۆی كڕینی كارگەی چاپكردنی دەفتەری پاسپۆرتی ئەڵمانی لەلایەن حكومەتی بەغداوە بۆ چاپكردنی پاسپۆرت و كارتی نیشتمانی كارپێكردنی بەشێوەی تێست نەدەتوانرا بەپێی پێویست ژمارەی پاسپۆرت رەوانەی پارێزگاكان بكرێت و بەوەش گرفت لە پێدانی پاسپۆرت بۆ هاووڵاتیان دروستببوو."

وتیشی: "لەئێستادا چاپكردنی پاسپۆرت تارادەیەك زیادیكردووە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە ئەگەر چی چاپكردنەكە لە ئاستی پێویست نییە بەڵام تاڕادەیەك دەتوانین كارەكانی هاووڵاتیان تەواو بكەین و پاسپۆرت بدرێتە ئەو هاووڵاتیانەی دەیانەوێت ببنە خاوەنی پاسپۆرت یاخود پاسپۆرتەكانیان نوێ بكەنەوە هیواردارین لە داهاتوودا ژمارەكە بۆ دووهێندە زیادبكرێت".

سەبارەت بە گرفتی ناوە هاوشێوەكان كە هەندێكجار بۆ ژمارەیەك لە هاووڵاتیان دروست دەبوو بەهۆی لێكچوونی ناوەكانیان لەگەڵ كەسێكی داواكراو لەدادگاكانی لە پارێزگاكانی دیكەی عیراق، عەمید سالار عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا"ئەو ناوانەی هاوشێوەی ناوە عەرەبیەكانن بۆ نمونە (محەمەد، ئەحمەد عەبدوڵڵا، عەلی) زۆر دووبارەن لە عیراق، لەكاتێكیشدا بەهۆكاری جیاواز جیاواز دادوەرەكان داوای ناوی تۆمەتبارێك دەكەن ناوەكە بۆ سەرجەم پارێزگاكان دەچێت، ئەگەر كەسێك بەنیازی دەركردنی پاسپۆرت بێت و ناوەكەی هاوشێوەی ناوی داواكراوێك بێت ئەوكات ئێمە كارتی نیشتمانی یاخود ناسنامەو رەگەزنامەی ئەوكەسە رەوانە دەكەین تاوەكو پێداچوونەوە بۆ ئەو ناوە بكرێت ئەگەر گومانەكان دوربێت لەوكەسە ئاسایی كارەكەی بۆ بەڕٍێدەكەین، بەڵام ئەگەر هاتوو گومانەكان نزیك بوون ئەوكات دەبێت ئەو ناوە خۆی بەداواچوون بكات لەو شوێنەی داواكراوە تاوەكو ناوەكەی بسڕێتەوەو كارەكانی بۆ راییبكرێت".