داوای زانیاری ده‌كرێت.. سێ خێزانی كوردی هه‌رێمی كوردستان بێسه‌رشوێنن

15/07/2019 - 17:39 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

داوای زانیاری ده‌كرێت.. سێ خێزانی كوردی هه‌رێمی كوردستان بێسه‌رشوێنن

سێ خێزانى كوردى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ 15 ئه‌ندام پێكهاتوون له‌نێوان توركیا و یۆنان بێسه‌رشوێنن، نوێنه‌رى فیدراسیۆنى په‌نابه‌رانیش له‌ توركیا داواده‌كات هه‌ركه‌سێك زانیارى له‌باره‌ى ئه‌و خێزانه‌ كوردانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئاگاداریان بكاته‌وه‌.

رۆژ عەزیز، نوێنەری فیدراسیۆنی سه‌راسه‌رى پەنابەرانى عێراق و هه‌رێم لە تورکیا راگه‌یاند "کۆمەڵێک پەنابەر لەتورکیاوە بەڕێکەوتوون بەرەو یۆنان، بەڵام کاتێک ئۆتۆمبێلى قاچاخچییەکان هاتوون نەفەرەکان هەڵبگرن، په‌نابه‌ران بە پەلە سەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتوون و هەرچی گەنج بوون خیزانیان پێنەبووە خۆیان دەربازکردووە، بەڵام به‌داخه‌وه‌ سێ خێزانی کورد نەیانتوانیوە سەربکەون، به‌هۆیه‌وه‌ له‌و دارستان و شوێنه‌ سه‌ختانه‌ به‌جێماون و تائێستا بێسه‌روشوێنن."

نوێنه‌رى فیدراسیۆنى په‌نابه‌ران بۆ دوارۆژ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئەم پەنابەرانە لە ناوچه‌ى (نۆکتە) بوون کە شوێنێکە لەناو خاکی یۆنان و له‌سه‌ر سنووری تورکیا - یۆنانە، له‌و شوێنانه‌ هەرکەس بگیرێت دیپۆرتی تورکیا ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌و سێ خێزانه‌ دیپۆرت نه‌كراونه‌ته‌وه‌.

فیدراسیۆنى په‌نابه‌ران داوا له‌ هاووڵاتیانى هه‌رێم ده‌كات له‌ بوونى هه‌ر زانیارییه‌ك له‌باره‌ى ئه‌و خێزانه‌ كوردانه‌وه‌، ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌.