سلێمانی... گەڕەكە كۆنەكان دەكرێنە شوێنی كەلەپوریی

18/07/2019 - 15:26 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ئەندامی لیژنەی پاراستنی شوێنەوارەكانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: بڕیارە پڕۆژەی دۆكیۆمێنت كردنی گەڕەكە كۆنەكانی شاری سلێمانی رابگەیێندرێت، كە ئامانج لێی پاراستنی گەڕەك و خانووە كۆنەكانە.

 

بەپێی هەواڵێكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، نیاز حوسێن، ئەندامی لیژنەی پاراستنی شوێنەوارەكانی سلێمانی دەڵێت: پڕۆژەكە بریتییە لە هەڵگرتنەوە و دۆكیۆمێنت كردنی گەڕەكە كۆنەكانی شاری سلێمانی، كە وێنای شووناس و تەلارسازیی شارەكە دەكەن|.

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی پاراستنی شوێنەوارەكانی سلێمانی وتیشی: ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكان و سەرەتایەكە بۆ پێداچوونەوەی نەخشەی بنەڕەتی ناوەندی شاری سلێمانی و پاراستنی خانووە كۆنەكان.

 

ئاماژەی بەوەشدا: یەكێك لە كارە سەرەتاییەكانمان، كە لەكارنامەی لیژنەكەمان هاتووە ئەوەیە، چیتر خانووە كۆنەكان نەڕووخێندرێن و نەكرێن بە گەراج، چوونكە ئەم كارە سیمایێكی ناشیرین دەبەخشێتە شارەكە و دەبێتە هۆی لەناوچوونی خانووە كۆنەكان.