سلێمانی... دژی بڕیارێكی حكومەتی هەرێم عەریزەنوس وفۆتۆكۆپی وێنەگران گردبونەوە

18/07/2019 - 16:53 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

كوردیو-سلێمانی

 

ئەمڕۆ پێنج شەممە بەشێك لە عەریزەنوس و فۆتۆكۆپی و وێنەگران دژی بڕیارێكی حكومەتی هەرێم گردبونەوەو بە نوێنەرایەتی هەموو هاوپیشەكانیان لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێم یاداشتێكیان ئاراستەی بەرپرسانی حكومی كرد.

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە بەشێك لە عەریزەنوس و فۆتۆكۆپی و وێنەگران دژی بڕیارێكی حكومەتی هەرێم لەبەردەم فه‌رمانگه‌ی دادنوسی یەك لە سلێمانی گردبونەوەو ڕایانگەیاند: "ئێمە وەك سەرجەم عەریزەنوس و فۆتۆكۆپی و وێنەگرانی سەر بە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان سەرنج و ناڕەزاییمان هەیە لەسەر ئەو گرێبەستەی نێوان وەزارەتی داد و كۆمپانیای "ئینفۆر ئاڕ" ئەنجامدراوە سەبارەت بە سیستمكردنی ئەلكترۆنی مامەڵەكانی فەرمانگە دادنوسیەكانی هەرێمی كوردستان چونكە زیانی بۆ ئێمەش و بۆ هاوڵاتیانیش هەیە".

 

یەكێك لە عەریزەنوسەكان كەنزیكەی 40 ساڵە كاری عەریزەنوسی دەكات بە كوردیوی ڕاگەیاند: جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە جگە لەوەی پێشێلكردنی مافی ئێمەیە وەك عەریزەنوسەكان، گەورەترین زیانی بۆ هاوڵاتیانە كە دەبێت بۆ هەر مامەڵەیەكی ئەلكترۆنی بڕی 25000 دیناری عێراقی بدەن لەكاتێكدا ئێستا تەنها 3000 دینار دەدەن.

 


ئاماژەی بەوەشدا: سیستمی ئەلكترۆنی لە هەموو وڵاتان بۆ نەهێشتنی ڕۆتیناتە بەڵام ئەم سیستمە لێرە هیچ كارئاسانیەك بۆ هاوڵاتیان ناكات و هەمان ڕۆتیناتی پێشووی دەبێت وەك سەردانی كردنی هاوڵاتیان بۆ فەرمانگەو سەرەگرتن و بونی وەرەقە واتە (هاردكۆپی) وەك پێشوو لەجیاتی سۆفت كۆپی كە بنەمای سیستمی ئەلیكترۆنیە.

 

هەرەوەها وتیشی: بەهیچ جۆرێك لەمافی خۆمان خۆشنابین و هەموو ڕێگەیەكی مەدەنی دەگرینەبەر پێویستە بەرپرسانی حكومیش بەدەممانەوە بێن و نەهێڵن بازرگانی بەقووت وگیرفانی هاوڵاتیانەوە بكرێت.