داهاتى ساڵانه‌ى هاتوچۆى هه‌رێم 300 ملیار دیناره‌

18/07/2019 - 17:07 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

له‌ شه‌ش مانگى ئه‌مساڵدا یه‌ك ملیۆن سه‌رپێچى له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم تۆماركراوه‌ و داهاتى ساڵانه‌ى هاتوچۆى هه‌رێم 300 ملیار دیناره‌، به‌ڵام نه‌خراوه‌ته‌ خزمه‌ت چاككردنى رێگاوبانه‌كانه‌وه‌.

به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هاتووچۆى هه‌رێم، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ملیۆنێک سەرپێچی لەلایەن شۆفێرانی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدراون و سەرپێچییەکانیش بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابوردوو زیادیکردووە.

دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندام په‌رله‌مانى كوردستان راگه‌یاند"کۆی داهاتی هاتوچۆی هه‌رێمی کوردستان ساڵانه‌ زیاتر له‌ 300 ملیار دیناره‌ و بڕیاره‌ له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی چاکسازى، یاسای چاکسازی دەربکرێت و جێیه‌جێی بکرێت، کاریش بۆ دروستکردن و چالاککردنی سندوقی چاککردنی رێگاوبانه‌کانى هه‌رێم ده‌که‌ین."

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ بۆ دوارۆژ زیاتر وتی "ئه‌گه‌ر ئه‌م پاره‌یە بخرێته‌ خزمه‌تی رێگاوبان، ئه‌وا خزمه‌تێکی گرنگه‌ و له‌گه‌ڵ دروستکردنی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کی دیکه‌ی داهات بۆ ئه‌م سندوقه‌، ده‌تواندرێت خزمه‌تێکی گه‌وره‌ بکرێت به‌ هاووڵاتیانى هه‌رێم و رێگه‌ش بگیرێت له‌ روودانى كاره‌ساتى هاتوچۆ".