توركیا كەمپی ئاوارەكانی لە مەخمور بۆردومان كرد

19/07/2019 - 08:58 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

بەرەبەیانی زووی ئەمڕۆ هەینی (19/7) فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا بۆردومانی كەمپێكیان كردووە لەشارۆچكەی مەخمور.

بەپێی زانیارییەكان، فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا بۆردومانی كەمپی شەهید ڕۆستەم جودییان لە شارۆچكەی مەخمور كردووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان چەند هاوڵاتییەك برینداربوونە.

لەبارەی بۆردومانەكەوە، هاوسەرۆكی شارەوانی كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی مەخمور ڕایگەیاند: ژمارەیەك هاوڵاتی مەدەنی كەمپەكە برینداربوون.

نزیكەی كاتژمێر (12:15) ی بەرەبەیانی زووی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا كەمپی شەهید ڕۆستەم جودییان لە مەخمور بۆردوومان كرد.

(لەیلا ئارزوو ئیلهان) هاوسەرۆكی شارەوانی كەمپی شەهید ڕۆستەم جودی مەخمور لە لێدوانێكیدا بۆ ستێرك تیڤی ڕایگەیاند: بەهۆی شەش بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە ژمارەیەك هاوڵاتی مەدەنی كەمپەكە برینداربوون.

(لەیلا ئارزوو ئیلهان) بانگەوازی لە نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی فیدراڵی عێراق كرد: بە زوویی بەهانای خەڵكی پەنابەری مەخموورەوە بچن و سنورێك بۆ بۆردومانەكانی توركیاو كوشتنی مەدەنیەكانی كەمپەكە دابنێن، ئەگینا ئەوانیش بەشدارو هاوبەشی تاوانەكانی ڕژێمی توركیان، چونكە كەمپەكەو نیشتەجێبووەكانی بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی عێراق لێی بەرپرسیارن. 

پێشتریش چەند جارێك سوپای توركیا بۆردوومانی كەمپی مەخموری كردووە، لەوانەش ڕۆژی (6-12-2018) بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیاوە، پێنج ئەندامی هێزەكانی پاراستنی جەوهەری مەخمور شەهید بوون.

لە (13-12-2018) ش فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا كەمپی مەخموریان بۆردوومان كردەوەو لە ئەنجامیشدا ژنێكی تەمەن (73) ساڵ، كچ و نەوەیەكی و هاوڵاتییەكی دیكەی تەمەن (23) ساڵ شەهید بوون.