زانیاری نوێ له‌باره‌ی زیادکردنی موچەی خانەنشینان ئاشکرادەکرێت

admin 20/07/2019 - 09:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ڕونکردنەوە لەسەر پێشنیازەکەی کۆمەڵەی خانەنشینانی عیراق بۆ زیادکردنی موچەی خانەنیشنان و جێگیرکردنی لەنێوان ٨٠٠ بۆ دوو ملیۆن دینار دەدات، ئەندامێکی لیژنەکەش ڕایدەگەیەنێت، "تائێستا پێشنیازەو نەبۆتە بڕیار".

د.جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران به‌ كوردیوی ڕاگەیاند، "پێشنیازکراوە موچەی خانەنشینی لەنێوان ٨٠٠ ھەزار دینار بۆ ٢ ملیۆن دینار دیاریبکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش خشتەیەک دراوەتە ئەنجومەنی نوێنەران".

وتیشی:"لەلیژنەی دارایی گفتوگۆمان لەسەر موچەی خانەنشینان کردوە، بەڵام ھیچ نوسراوێک لەئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ لیژنەکەمان ڕەوانە نەکراوە، سەرجەم ئەو قسانەشی دەکرێت لەچوارچێوەی پێشنیازن و نەکراون بەبڕیار".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ڕێگەکانی زیادکردنی موچەی خانەنشینان ئاشکرادەکات و دەشڵێت:"زیادکردنی موچەی خانەنشینان ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و دابینکردنی پارەی پێویستی دەوێت لەناو یاسای بودجەدا، ئەوەش بەچەند ڕێگەیەک دەکرێت".

ئاشکراشیدەکات، "ڕێگەی یەکەمیان، دابینکردنی بودجەیەکی تەواوکاری تا لەو ڕێگەیەوە موچەکەی پێ زیادبکرێت، دوەم ڕێگەش، پێویستە بکرێتە بڕیارو لەساڵی ٢٠٢٠ لەناو یاسای بودجە جێگەی بکرێتەوەو بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".