عیراق و ئێران ده‌ریده‌كه‌ن و له‌هه‌رێم پاره‌ له‌هاوڵاتیان وه‌رده‌گرێت

20/07/2019 - 14:56 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


دوای ئه‌وه‌ی كۆمپانیایه‌ك به‌هۆی ناساسایی بوونی له‌عیراق و ئێران ده‌رده‌كرێت، له‌ئێستاشدا له‌سه‌ر سنوره‌كانی‌ هه‌رێم كێشه‌ بۆ بازرگانانی‌ كورد دروستده‌كات و داوای‌ پاره‌یان لێده‌كات.

سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ڕاگه‌یاند "ئه‌و كۆمپانیایه‌ی دانرابوو له‌مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ 50 دۆلار بۆ هه‌ر بارێك وه‌ربگرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی نایاسایی بوو له‌لایه‌ن عیراقه‌وه‌ ده‌ركراون و چونه‌ته‌ سنوری‌ ئێران".

وتیشی‌:"له‌وێش ئێران ده‌ریكردون، ئێستا كێشه‌كه‌ بۆ بارهه‌ڵگره‌كان ماوه‌ته‌وه‌ و گومگریان بۆ ناكرێت تاوه‌كو ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌ده‌ن و كۆمپانیاكه‌ش له‌كاتێكدا هیچ كۆمپانیایه‌ك بونی نییه‌ پاره‌ وه‌ربگرێت".

ڕونیشیكرده‌وه‌، "زیاتر له‌ 200 بارهه‌ڵگر وه‌ستاون و داخڵی هه‌رێم نابن، له‌كاتێكدا بازرگانه‌كان ئاماده‌نین ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زیاده‌یه‌ بده‌ن، چونكه‌ له‌هیچ ده‌روازه‌یه‌كی دیكه‌ی‌ عیراق وه‌رگرتنی ئه‌و پاره‌یه‌ بونی نییه‌، وه‌رگرتنی بڕی ئه‌و 50 دۆلاره‌ش به‌ڕه‌زامه‌ندی وه‌زیری دارایی هه‌رێم بوه‌".

سه‌رۆكی‌ ژوری‌ بازرگانی‌ سلێمانی‌ بۆ سایتی سلێمانی جه‌ختیكرده‌وه‌، "پاره‌كه‌ به‌ناوی كۆمپانیای وشكانی عیراقی وه‌رده‌گیرێت، له‌كاتێكدا جگه‌ له‌و پاره‌یه‌ بۆ هه‌ر بارێك بڕی 30 دۆلار وه‌رده‌گیرێت".

سیروان محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی‌ وت "ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ وه‌ربگیرێت ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر كاڵاكان و ده‌بێت هاوڵاتیان بیده‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخ له‌بازاڕه‌كانداو ئه‌گه‌ر كێشه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بمێنته‌وه‌ له‌داهاتودا كاریگه‌رییه‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت و هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی گۆڕینی ڕێڕه‌وی بازرگانی بۆ مه‌رزه‌كانی دیكه‌ی‌ عیراق".