لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی كرماشان گردبوونەوە

20/07/2019 - 23:00 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

ژمارەیەك لە لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی دوو ساڵ لەمەوبەری كرماشان كە هێشتاش لە دۆخێكی نالەباردا دەژین، دژی كەمتەرخەمی كاربەدەستان و دۆخی ژیانیان گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

نزیكەی دوو ساڵ بەسەر بوومەلەرزە ماڵوێرانكەرەكەی پارێزگای كرماشان تێپەڕ دەبێت و هێشتا دۆخی ژیانی لێقەوماوانی ئەو ڕووداوە نالەبارو ناجێگیرەو زۆربەیان نەیانتوانیوە ماڵەكانیان سەرلەنوێ دروست بكەن و هێشتا لەناو چادرو كابینەكاندا دەژین.

ئەمڕۆ هاوڵاتیانی گوندەكانی قەلەمە، بێ بیانس و ملەدزگە، سەربە شاری سەرپێڵی زەهاو لە پارێزگای كرماشانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر ئەو دۆخەو بە تایبەتی قورسی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانەی دەوڵەت بە لێقەوماوانی داوە بۆ دروستكردنی خانوەكانیان، گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

جێگەی ئاماژەیە كەڕۆژی (12/11/2017) بوومەلەرزەیەك بەگوڕی (7.3) پلەی ڕێختەر كرماشان و دەوروبەری هەژاند، كە بوو بە هۆی گیان لەدەستدانی سەدان هاوڵاتی كوردو نزیكەی (10) هەزار برینداری لێكەوتەوە، كەچی هێشتاش زۆربەیان لەناو چادرو كابینەدا دەژین و دەوڵەت نەیتوانیوە هیچ خزمەتێكیان بكات.