لە كەركوك یەكێتی و پارتی تۆمەتبار كراون بە زیندانی كردنی هەزار عەرەب

21/07/2019 - 08:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

گردبونەوەی سیاسی عەرەبی لە كەركوك، فۆرمی 1000 بێسەرو شوێنی رادەستی (راكان سەعید) پارێزگاری كەركوك كردو هەردوو ئاسایشی یەكێتی و پارتیان تۆمەتباركرد بە دەستگیركردن و زیندانیكردنی رۆڵەكانیان.

ئەو فۆرمانە لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئامادەكراوەو لە هۆڵی كۆنگرەكان رادەستی (راكان سەعید) كران، ئەوەش لە كۆنگرەیەكدا لەژێر ناونیشانی (ئازادكردنی بێتاوانان بنەمای دادپەروەری و ئاشتی و پێكەوە ژیانە).

(تەحریر ئەحمەد عوبەیدی) ئەندامی گردبوونەوەی عەرەبی و لێپرسراوی نووسینگەی كەركوكی حزبی (حەل) ی عەرەبی، لە وتارێكیدا لە كۆنگرەكەدا، وتی لەسەر داواكاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، گردبوونەوەی عەرەبی لە شاری كەركوك دەستیكرد بە پڕكردنەوەی فۆرمێكی تایبەت بە كەسوكاری بێسەرو شوێنەكان و دەستگیركراوەكان كە لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی پارتی و یەكێتیەوە دەستگیركراون و چارەنوسیان نادیارە.

وەكو هەنگاوی یەكەم، گردبونەوەی عەرەبی، فۆرمی (1000) بێسەرو شوێنی ئامادەكردو رادەستی (راكان سەعید) پارێزگاری كەركوك بەوەكالەتیان كرد.

تەحریر ئەحمەد وتی: دەمانەوێت پارێزگار ناوەكان ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بكات بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ لێپرسراوانی حكومەتی هەرێم وتوێژیان لەسەر بكات و ئازاد بكرێن.

گردبوونەوەی عەرەبی، لە كۆمەڵێك حزب و گروپی سیاسی عەرەبی كەركوك پێكهاتووەو (راكان سەعید) پارێزگاری كەركوك ئەندامی ئەو گردبوونەوەیەیە.

(راكان سەعید) لە وتارێكی كۆنگرەكەدا وتی، رۆڵەی هەموو ئەوانەی دانیشتوون، یان ئامادەنەبوون لە هۆڵەكە بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیركراون، پێویستە بەغداو هەرێمی كوردستان ئاگاداربن بۆ ئەوەی دەستگیركراوەكان یاخود كەسوكارەكانیان هۆكاری دەستگیركردنەكەیان بزانن و بە گفتوگۆ ئازادیان بكەن.

بەپێی وتەی كەسوكاری بێسەروشوێنان، رۆڵەكانیان لە ماوەی ساڵی (2003) تا بەر لە روداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەری 2017) لەلایەن ئاسایشی یەكێتی و پارتییەوە دەستگیركراون، ئەو ماوەیە ئەو دوو ئاسایشە لێپرسراوێتی ئەمنییان هەبوو لە بەشێك لە پارێزگاكە.

(راكان سەعید) وتی، داواكارین ئەوانەی فۆرمەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بەدەستگەیشتووە پڕیبكەنەوە، بۆ ئەوەی رەوانەی بەغدای بكەین، لەگەڵ تۆمەتباركردنی ئاسایشی یەكێتی و پارتی بە دەستگیركردنی رۆڵەكانیان.

لەلایەن خۆشیەوە (رەوەند مەلا مەحمود) جێگری مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، كە ئاسایشی حزبەكەی تۆمەتبار كراوە بەدەستگیركردن و زیندانیكردنی بەشێك لەو ناوانەی راگەیەنراوە، بە كەركوك ناوی وت : نەدەبوو راكان ئەو قسانە بكات، خۆی باش دەزانێت كە ناوچەكانی ئەوان كانگەی بەرهەمهێنانی تیرۆریستان بووە، نەوەك ناوچەكانی ئێمە، ئێمە ئەو تۆمەتانە رەتدەكەینەوەو باشتر وایە لە كەركوك خاڵی گونجاو بدۆزینەوە بۆ پێكەوەژیانی نەتەوەكان، نەك هەموو رۆژێك كێشە بۆ یەكتر بدۆزینەوە.