زانیاری لەبارەی شوێن و چۆنێیەتی دەستگیركردنی تۆمەتباری سەرەكی رووداوەكەی هەولێر ئاشكرادەبێت

admin 21/07/2019 - 09:23 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

میدیاكانی توركیا لەبارەی دەستگیركردنی تۆمەتبارانی رووداوەكەی هەولێر زانیاری ئاشكرادەكەن و رایدەگەیەنن، "مەزلوم داغ" لەگەڵ هاورێیەكی دیكەیدا لەناوچەیەكی سەر بەمەخمور دەستگیركراوە.

ئاژانسی هەواڵی "هایبەر"ی توركی بڵاویكردوەتەوە، دیپلۆماتكارەكەی توركیا لە لایەن چوار كەسەوە لە كافتریایەكی هەولێر پیلانی كوشتنەكەی جێبەجێكراوە.

ئاژانسەكە رایگەیاندوە، "مەزلوم داغ" كە بەیەكێك لە تۆمەتباری سەرەكی رووداوەكە دادەنرێت لە ساڵی 2014ەوە لە دیار بەكرەوە هاتوەتە هەولێر لەسێ ریستۆڕانتی بەناوبانگی توركی لەهەولێر كاریكردوە و لەماوەی دوو ساڵی رابردوویشدا لەكۆمپانیایەكی توركی لەهەولێر مانگە بە 700 هەزار دیناری عێراقی كاریكردوە و هەر لە لایەن كۆمپانیاكەوە خانوو بۆ كارمەندەكان دابینكراوە و لەوێ ماوەتەوە.

ماڵپەرەكە جەختیشكردوەتەوە، لەدوای 48 كاتژمێر و زیاتر لە 17 ئۆپەراسیۆن توانراوە تۆمەتبارەكە دەستگیربكرێت.

لەبارەی چۆنێیەتی دەستگیركردنەكەی ئاشكرایكردوە، توانراوە بەوردی چاودێری خۆشەویستە كچەكەی بكرێت، بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەوەوە زانیاری لەبارەی شوێنەكەیەوە بگاتە دەستی هێزە ئەمنییەكان.

ماڵپەرەكە دەشڵێت، لە كاتژمێر 10:35 خولەكی بەیانی توانراوە لەڕێگەی ئەو كچەوە زانیاری لەسەر شوێنەكەی بدۆزرێتەوە كە گومان لە دوو شوێن كراوە، بۆیە راستەوخۆ ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەكان دەستیپێكردوە و توانراوە لەیەكێك لەو شوێنانەدا لەگەڵ یەك كەسی دیكەدا دەستگیربكرێت كە بەنیاز بووە لەڕێگەی چیاكانەوە لەنزیك مەخمور خۆی دەرباز بكات.

ماڵپەرەكە جەختیشكردوەتەوە، هەر لە سەرەتای رووداوەكەوە توركیا و هەولێر پێكەوە لێكۆڵێنەوەیان دەستپێكردوە و لیژنەیەك لە هەواڵگری توركیا بۆ لێكۆڵینەوە سەردانی شوێنی رووداوەكەی لە شاری هەولێر كردوە.

رونیشكراوەتەوە، بەوبۆنەیشەوە 81 كامێرایی چاودێری پشكنینیان بۆ كراوە و هەروەها 700 كەسیش لەرێگەی ئاسایشیەوە لەبارەی زانیاری كەسییەكانیانەوە لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە كراوەو 17 كەسیش لە نێو كافتریاكە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە و دوو كەسیش لە كافتریاكە دەستگیركراوە، بەپێی زانیاری ماڵپەرە توركییەكە لێكۆلێنەوەكان بەردەوامە و لە ئێستادا 14 كەس لە ژێر لێكۆلێنەوەدان.

ماڵپەرەكە لەزاری بەرپرسێكی توركیاوە جەختیكردوەتەوە، لەدوای یەك كاتژمێر لەدەستگیركردنی تۆمەتبارەكە توانراوە دەستبەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەیشدا بگیرێت كە بەنیازبووە خۆی پێ دەرباز بكات.

هاوكات ماڵپەری ئەنادۆڵی توركی ئاشكرایكردوە، تا ئێستا چوار تۆمەتبار بەهۆی پەیوەندی بونیان بە رووداوەكەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون.