هۆشداری دەدرێت، شۆفێران لە فێڵێك ئاگادار دەكرێنەوە

21/07/2019 - 11:45 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


نوێنەرێكی یاسا لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: هەندێك لەو كەسانەی كاری چاككردنی ئەگزۆزو ساڵنسا دەكەن بەردی ساڵنسای ئۆتۆمبێلەكان دەردەهێنن و دواتر دەیفرۆشنەوە.


ئەحمەد عەزیز نوێنەری یاسا لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە ڕادیۆیی بەڕێوبەرایەتیەكەی ڕاگەیاند:" بەردێك لەناو ساڵنسا هەیە كە ئەم بەردە كاری ڕێكخستنی دووكەڵی زیانبەخش و دەنگی ئۆتۆمبێل دەكات، بەڵام بەهۆی نەشارەزایی بەشێك لەشۆفێرانەوە، بەردی ساڵنساكە كە دەردەهێنرێت، دواتر بەبڕێك پارەی دیكە دەیفرۆشنەوە".


ئاماژەی بۆئەوەشكرد:" بە دەرهێنانی بەردی ساڵنسا، دوای ماوەیەك هەم دەنگی ساڵنسای ئۆتۆمبێل تێكدەچێت و هەمیش زیانەكانی ئەو گازانەی لەبزوێنەری ئۆتۆمبێلەوە دەردەچن زیاتر دەكات".


هەروەها داواشدەكات شۆفێران ئاگاداربن و پشكنین بۆ ساڵنسای ئۆتۆمبێلەكانیان بكات، ئەگەر بەردیشی تێدا نەبێت، هەوڵبدەن بەزوترین كات بەردێك بۆ ساڵنسا جێگیر بكەن، تا بەدووربن لەزیانەكانی نەبوونی ئەو بەردە.