مامۆستایانی وانەبێژ گردبونەوە، داوادەكەن بكرێنە هەمیشەیی

21/07/2019 - 16:23 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ گردبونەوەیەكیان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە شاری هەولێر ئەنجامدا، تیایدا داوایان كرد مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەست بەشێوەی هەمیشەیی دابمەزرێندرێن و ساڵانی وانەبێژیان بۆ بەخزمەت هەژمار بكرێت.

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایانی وانەبێژ لە راگەیەندراوێكدا كە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانیان كرد و وێنەیەكی دەست كوردیو كەوتوە داوایانكرد" ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردە و لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان، وەك سەرەتایی ترین مافی خۆیان بەدەم داواكاریەكانیان بچن، چونكە بەوپەڕی دۆخی خراپی ژیانیان بە دڵسۆزی و بەبێ دابڕان بەردەوامن لە ئەركەی پەروەردەیان "

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایانی وانەبێژ داوا دەكات مامۆستایانی وانەبێژ و گرێبەست دابمەزرێندرێن و ساڵانی وانەبێژیان بۆ بە خزمەت هەژمار بكرێت.

ئاماژەیان بەوەشكردوە" 11 هەزار مامۆستای وانەبێژ و شەش هەزار مامۆستای گرێبەست بەردەوامن لە كاری خۆیان، كە بەهۆی ئەوانەوە توانرا لە قەیرانی دارایی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن بەردەوام بێت و پەكی نەكەوێت.

 


راشیانگەیاندوە" ئەو مامۆستایانە بەهۆی ئەوەی میلاكی هەمیشەیی نین ماف و ئیمتیازاتی مامۆستایان نایانگرێتەوە، لە كاتێكدا وەزارەتی پەروەردە پێویستی بەو ژمارە مامۆستایە هەیە، بۆیە داوا دەكەن ئەو مامۆستایانە بە شێوەی هەمیشەیی دابمەزرێندرێن."