لە خاڵە سنورییەكان رێگری لە هاتنەناوەوەی مەوادی زیان بەخش دەكرێت

22/07/2019 - 14:42 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


لە دەروازەو خاڵە سنورییەكانی پارێزگای سلێمانی مەرجەكانی سەلامەتی و پشكنین توندتر دەكرێنەوە و رێگری تەواو لەهاتنەناوەوەی هەموو جۆرەكانی كاڵا و خواردنی زیان بەخش بەتایبەت ماددە پلاستیكیەكان دەكرێت ,


ئەمڕۆ دووشەممە 22 تەموزی 2019 لەدیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی و بە ئامادەبونی سەرجەم لایەنە پەیوەندیداەكان كۆبوونەوە یەكی فراوان بەسەر پەرشتی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی بەڕێوەچوو , ئامانج لە كۆبوونەوەكە توندكردنی رێوشوێنەكانی پشكنین و مەرجەكانی سەلامەتی و ئەو رێكارە یاسایانەیە كە لە دەروازەو خاڵە سنورییەكان لەكاتی هاتنەناوەی كاڵاو شتومەك دەگیرێتەبەر ,


ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند: هاتنەناوەی هەندێك مەوادی زیان بەخش وەك "پلاستیك و نایلۆن" زیان بە ژینگەو تەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنێت و پێویستە بەر لە هاتنەناوەی ئەو مەوادانە لە خاڵە سنورییەكانی رێگری لێبكرێت , ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد دەبێت رێكار و رێشوێنەكانی پشكنین توندتر بكرێنەوە و رێگری لە هەموو ئەو مەواد و كاڵایانە بكرێت كە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە تەندروستی هاوڵاتیان .


قائیمقامی سلێمانی راشیگەیاند: لەپاڵ توندكردنی مەرجەكانی سەلامەتی و كوالێتی ئەو مەوادانەی كە دێنەهەرێمی كوردستان بۆ بوژانەوەی كەرتی ئابوری و زیادبونی جموجوڵە بازرگانییەكان كارئاسانی و هەماهەنگی پێویست پێشكەشی بازرگان و سەرمایەداران دەكرێت, دوای تاوتوێكردنی هەموو ئەولایەنانەی كە پەیوەستن بە مامەڵەی خاڵە سنورییەكان و هاوردەكردنی كاڵاوشتومەك و گۆڕینەوەی راوسەرنجی لایەنەپەیوەندیدارەكان , بەشداربوانی كۆبوونەوەكە گەیشتنە ئەم ئەنجامەی خوارەوە :


1.لە دەروازەوخاڵە سنورییەكان رێگری تەواو لە هاتنەناوەوەی هەموو جۆرە كاڵاو شتومەكێكی زیان بەخش بكرێت بە تایبەت "پلاستیك و نایلۆن" ی زیان بەخش
2.ئەو مەوادە پلاستیك و نایلۆنانە كە لە خاڵە سنورییەكانەوە هاوردە دەكرێت پێویستە مەرجەكانی كوالیتی كۆنتڕۆڵی تێدا بێت,
3.رێكاری و مەرجەكانی پشكنین لە خاڵە سنورییەكان توندتر بكرێنەوە بە ئامانجی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان
4. لە چوارچێوەی یاساو رێنماییەكان لە خاڵە سنورییەكان هاوكاری و كارئاسانی پێویست پێشكەش بە بازرگان و سەرمایەدارەكان بكرێت
5.لایەنەپەیوەندیدارەكان لە هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامدا دەبن بۆ ئەوەی گرفت و كەموكورتییەكان دەست بەجێ چارەسەر بكرێن .
6.ئەو كارگانەی كە لەناوخۆی پارێزگای سلێمانی "سەتڵی پلاستیك" دروست دەكەن پابەند دەكرێن بە مەرجەكانی كواڵیتی و تەندروستی هەر كارگەیەك مۆڵەتی نەبێت یان مەوادی زیان بەخش بەرهەم بهێنێت رووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.
6.پێویستە كارگەكانی ئاوی خواردنەوە ئەو دەبانەی كە بەكاری دەهێنن لەمەوادی سەرەتایی دروست بكرێن و مەوادی ریسایكلین نەبن لەكانی گواستنەوەشدا داپۆشراوبێت و لە بەر تیشكی خۆر نەگوازرێنەوە