موچەی فەرمانبەران رێكدەخرێتەوە و پەرلەمانتارێك زانیاری نوێ ئاشكرا دەكات

22/07/2019 - 14:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
نایەكسانی لە موچەی فەرمانبەران نارازایی زۆری بەدوای خۆی هێناوە ، ئەمەش وای كردوە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەڕێگەی پڕۆژەیاسایەك حكومەتی عیراق پابەند دەكات موچە رێكبخاتەوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرای دەكات، تەنیا لەحاڵەتێكدا رێكخستنەوەی موچە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، كە پەرلەمانی كوردستان یاساكە بەركار بكات.
ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: لەماددەی (33) ی پڕۆژەیاسای راژەی شارستانی عیراقدا هاتووە، پێویستە حكومەتی عیراق بەیاسایەك موچەی فەرمانبەران رێكبخاتەوە، وە وەزارەتی دارایی عیراقیش ئاماژەی بەوەكردووە كە بەپێی رێنمایی موچە رێكدەخەنەوە، بەڵام ئێمە وتومانە دەبێت بەیاسا موچە رێكبخرێتەوە.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەوەشی ئاشكرا كردوە، لەپڕۆژەیاساكەدا باسی ئەوەمان نەكردووە كە حكومەت چۆن موچە رێكدەخاتەوە، بەڵام ئەو رێكخستنەوەیە بۆئەوەیە جۆرێك لەهاوسەنگی لەموچەكاندا دروست بێت، وە هەر رێكخستنەوەیەك لەموچەی فەرمانبەرانی عیراقدا بكرێت، فەرمانبەرانی فەرمانگە فیدراڵییەكانی هەرێمیش دەگرێتەوە، بەڵام فەرمانبەرانی دیكەی هەرێم ناگرێتەوە.
ئەحمەدی حاجی رەشید ئەوەشی بۆتۆری هەواڵی سلێمانی ئاشكرا كردوە، تەنیا لەحاڵەتێكدا رێكخستنەوەی موچە فەرمانبەرانی هەرێم دەگرێتەوە كە پەرلەمانی كوردستان ئەو یاسایە بەركار بكات، كە زۆر باشە بیكات.