هەردوو ناوچەی پیشەسازی هەولێر دەگوازرێتەوە

22/07/2019 - 14:59 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر بڕیاریداوە ھەردوو ناوچەی پیشەسازیی باكوور و پیشەسازیی باشوور لە نێو سەنتەری شاری ھەولێر بگوازرێنەوە، لە ئێستادا چاوەروانی رێكارەكانن لەلایەن پارێزگای ھەولێر و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە.

كرمانج دەشتەكی، وتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانی ھەولێر رایگەیاند : شاری ھەولێر زۆر فراوان بووە و كاتی خۆی كە ئەو ناوچانە كراونەتە شوێنی پیشەسازی، رەنگە تا رادەیەك گونجاو بووبێت، چونكە دەكەونە كۆتایی شارەوە، بەڵام ئێستا ھەردوو پیشەسازی كەوتوونەتە چەقی شار و چەندین گەڕەكی نوێ دەوری ھەردوو پیشەسازییان داوە و شاری ھەولێر زۆر گەورە بووە، لەبەر ئەوە پێویستە بگوازرێنەوە شوێنی گونجاو.

ئەوەشی ئاشكرا كردوە، پێشتر سەرۆكایەتیی شارەوانیی ھەولێر بڕیاری گواستنەوەی ھەردوو پیشەسازی دەركردووە و زەوییش بۆ پیشەسازیی نوێ دابین كراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ھەردوو پیشەسازی لە سەدان شوێن و دووكان پێك ھاتوون و خەڵكێكی زۆر تێیاندا كار دەكەن، گواستنەوەی كارێكی ئاسان نییە و پێویستی بە دیراسەتی ورد ھەیە.

دەشتەكی ئەوەشی بەماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندوە: بە ھۆی ئەو رەوشەی ھەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕی، وەك شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، پڕۆسەی گواستنەوەی ھەردوو پیشەسازیی باكوور و باشوور دوا كەوت، بەڵام دواجار ھەر دەبێ جێبەجێ بكرێت، چونكە پایتەخت پێویستی بە سیمایەكی جوان ھەیە و ئێستا تەنھا رەزامەندیی پارێزگای ھەولێر و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ماوە بۆ گواستنەوەیان.