وردەكاری كۆبونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرا كرا

22/07/2019 - 15:15 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، دوەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و گفتوگۆ لە بارەی رێوشوێنی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کرا.

بەگوێرەی راگەیاندراوێكی ئەنجومەنی وەزیران ، لە کۆبونەوەکەدا  بە توندی روداوە تیرۆریستییەکەی تەقەکردن لە رێستورانتێکی هەولێر سەرکۆنە کرد و دەستخۆشی لە دەزگاکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کرد، کە لە ماوەیەکی کورتدا توانیان ئەنجامدەرانی کردەوەکە دەستگیربکەن، ئەنجومەنی وەزیران هاوخەمیشی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکە دەربڕی.

ئەوەشی ئاشكرا كردوە، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی رێوشوێنی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و وەزیرەکان سەرنج وتێبینی خۆیان خستەڕو، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەزیرەکانی راسپارد لە دامودەزگاکانی حکومەتدا بە باشترین شێوە رێز لە هاوڵاتیان بگێری و جیاوازی لە مامەڵەکردندا نەکرێت. 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا کە بە شێوەیەکی زۆر ورد داتا و زانیاریی پێویستی لەبارەی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی عێراق روونکردبوەوه، کە بڕیارە شاندی هاوبەشی هەردولا لە نزیکترین کاتدا دەست بە گفتوگۆی چڕ بکەن بۆ دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەرسێردراوەکان لەگەڵ بەغدا.
لە كۆتایدا ئەوەشی ئاشكرا كردوە ، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگی و بایەخیی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی حکومەت کرا، وەک لە کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا هاتوە.