بۆدواجار بریاردرا هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك بكرێت

22/07/2019 - 16:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران ئاشكرای دەكات ،  هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ كه‌ركویش ئه‌نجامده‌درێت، به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و شاره‌ له‌به‌ر چاو ده‌گیرێت و له‌ پڕۆژه‌ی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بڕگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌و پارێزگایه‌ دانراوه‌.

رزگار حەمە، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق له‌ لێدوانێكی  رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ مانگی نیسانی ساڵی داهاتو ئه‌نجام ده‌درێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌كاری پێویست كراوه‌، له‌ ئێستادا چاوه‌ڕێی هه‌مواری یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانن له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

ئەوەشی ئاشكرا كردوە، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ پارێزگای كه‌ركوكیش ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ به‌رچاو گیراوه‌، له‌ هه‌مواری یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیش بڕگه‌یه‌كی تایبه‌ت دانراوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردن له‌و پارێزگایه‌،.

رزگار حەمە ئه‌وه‌شی رونكردەوە ، له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان شێوازی ژماردنی ئه‌لیكترۆنی به‌كارده‌هێنرێت، به‌هه‌مان شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، به‌ڵام گۆڕانكاری تێداكراوه‌ و كامێرای چاودێری به‌كارده‌هێنرێت بۆ تۆماركردنی سه‌رجه‌م پرۆسه‌كه‌.