لەكۆی 100هەزار ئامێری پێوەری ئاوی ماڵان له‌ سلێمانی 55 هەزاریان لەتێست دەرنەچووە

22/07/2019 - 15:55 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

ئەمڕۆ دوو شەممە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بەڕێوە گشتیەكانی ئاو لەسنوری پارێزگای سلێمانی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی پێوەری ئاو كۆبونەوە.

 

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەكە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیان سازكرد، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئازاد محمد ڕایگەیاند: بەشێكی زۆری گرفتەكانی كەم ئاوی لەهەندێك گەڕەكی سلێمانی و قەزاو ناحیەكانی دەوروبەری سلێمانی و سنوری پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان دەگەڕێتەوە بۆ نەبەستنی پێوەری ئاو یان گرفت لە پێوەرەكەدا.

 


دواتر مەسعود كاكەڕەش بەڕێەوبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم ڕایگەیاند: بڕیارمانداوە پێوەری ئاو لەهەموو هەرێم ببەستین بۆ ئەوەی ڕێگری بكەین لەبەفیڕۆدانی ڕێژەی زۆری ئاوو ئەوەی پێشتر بەفیڕۆ دەچوو بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی ئاویان كەمتره‌.

 

هەروەها ڕاشیگەیاند: پاڵپشتی هەموو ئەنجومەنەكان دەكەین بۆ دانانی پێوەرەكەو خوێندنەوەی پێوەرەكە لەسەرتاسەری كوردستان سەرەڕای هەندێك كەموكوڕی بەڵام كە هەوڵدەدەین چارەسەریان بكەین.

 

لای خۆشیەوە ڕێبوار ئەحمەد سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە كوردیوی ڕاگەیاند: لەكۆی 100هەزار ئامێری پێوەری ئاو كە هاتوەتە شاری سلێمانی 55 هەزاریان لەتێست دەرنەچووەو بۆ بەكارهێنان نابێت و ئەو ماڵانەشی پێوەرەكەیان بۆ بەستراوە كۆمپانیاكە 7000 دیناری عێراقی زیاتری لێوەرگرتوون لەو نرخەی بۆیان دانراوە.

 


جێگەی ئاماژەیە بەهۆی سكاڵای زۆری هاوڵاتیان لە خراپی پێوەری ئاوو كەمئاوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەنگهێشتی بەڕێوەبەرە گشتیەكانی ئاوی كرد تا كێشەی كەمئاوی هاوڵاتیان چارەسەر بكەن.