دارایی رونكردنەوە لەسەر رێكخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەران دەدات

24/07/2019 - 16:21 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
سەبارەت بەرێكخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێم ، لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان رونكردنەوە دەدات ،ئەندامێكی لیژنەكەش ئاشكرای دەكات، رێكخستنەوەی دەرماڵە سەرجەم وەزارەتەكان دەگرێتەوە.
زیاد جەبار ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: رێكخستنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەران لەچوارچێوەی پرۆژە یاسای چاكسازییدا دەبێت كە ئەو پرۆژەیە پێویستە لەلایەن حكومەتی ھەرێمەوە جارێكی دیكە رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكرێتەوە.
ئەوەشی ئاشكرا كردوە، بەشێكی ئەو وەزارەتانەی حكومەت دەرماڵەیان نییە و ھەركات پرۆژەكە بۆ ئێمە رەوانە كرایەوە، وەكو لیژنەی دارایی و پەرلەمانی كوردستان بەوردی دیراسەی دەكەین و قسەی خۆمانی لەسەری دەبێت و ھەر ھەنگاوێكیش بنێین لە بەرژەوەندی سەرجەم فەرمانبەراندا دەبێت، رێكخستنەوەی دەرماڵە بابەتێكە سەرجەم وەزارەت و موچەخۆران دەگرێتەوە.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی دڵنیایی بەفەرمانبەران دەدات و ئەوەشی بۆتۆری هەواڵی سلێمانی ئاشكرا كردوە، ئێمە چاوەڕواندەكەین پرۆژەكەمان لەحكومەتەوە بۆ رەوانە بكرێت و ھەركات گەیشتە لیژنەی دارایی قسەی خۆمان دەبێت و لە بەرژەوەندی فەرمانبەران ھەنگاودەنێین.