ژمارەیەك كارمەندی كەناڵی ئێن ئاڕ تی دەستیان لە كاركێشایەوە

25/07/2019 - 09:04 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

ژمارەیەك كارمەندی كەناڵی ئێن ئاڕ تی ڕایدەگەیەنن: ئێمە وەك ژمارەیەك كارمەندی كەناڵی ئێن ئاڕ تی لە ژووری هەواڵ كە لە چەندین بەرپرسیارێتی جیاوازی وەك (جێگری بەرپرسی ژووری هەواڵ و ژمارەیەك سەرنوسەر لە تی ڤی و دیجیتاڵ میدیا و ئێكس وای زێد و چەندین هەواڵ ساز) بەهۆكاری سووكایەتی كردنی لەڕادەبەدەری بەڕێوەبەر و جێگری كەناڵی ئێن ئاڕ تی و خاوەنی كەناڵەكە بەرامبەر كارمەندەكان و پیشەی ڕۆژنامەنووسی، بە دەستەجەمعی بڕیارمانداوە دەستلەكاربكێشینەوە".


دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

بەناوی خودا..
بۆ بەڕێزان (سەندیكای ڕۆژنامەنوسان، پەرلەمانی كوردستان، دەزگاكانی ڕاگەیاندن، ڕای گشتی)

بابەت: دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵ

ئێمە وەك ژمارەیەك كارمەندی كەناڵی ئێن ئاڕ تی لە ژووری هەواڵ كە لە چەندین بەرپرسیارێتی جیاوازی وەك (جێگری بەرپرسی ژووری هەواڵ و ژمارەیەك سەرنوسەر لە تی ڤی و دیجیتاڵ میدیا و ئێكس وای زێد و چەندین هەواڵ ساز) بەهۆكاری سووكایەتی كردنی لەڕادەبەدەری بەڕێوەبەر و جێگری كەناڵی ئێن ئاڕ تی و خاوەنی كەناڵەكە بەرامبەر كارمەندەكان و پیشەی ڕۆژنامەنووسی، بە دەستەجەمعی بڕیارمانداوە دەستلەكاربكێشینەوە.
وە لێرەوە داواكارین سەندیكای ڕۆژنامەنوسان لەسەر ئەم بابەتە بێتە دەنگ و ڕێگە نەدات بەم شێوەیە سوكایەتی بە ڕۆژنامەنووسان بكرێت، وە كار بكرێت لە ڕێگەی دەزگاكانی یاسادانانی ئەم وڵاتەوە یاسایەك بۆ دیاریكردنی ماف و ئەركەكانی ڕۆژنامەنووس دەربكرێت كە پارێزگاری لە شكۆی ڕۆژنامەنووسان بكات.

دەمانەوێت ئەوە ڕوونبكەینەوە بەرپرسانی دامەزراوەی میدیایی نالیا و ئێن ئاڕ تی و خاوەنەكەی چۆن سوكایەتی بە ڕۆژنامەنووسان دەكەن:

١. لە ڕووی مەعنەوییەوە: بەداخەوە لەو كەناڵەدا هیچ ڕێزێك بۆ كاری ڕۆژنامەنووسی نییە و ئیستغلالی بارودۆخی خراپی ئابوری كارمەندەكان دەكەن بە هەموو شێوەیەك، سەرباری ئەوەی زۆرترین كاریان پێ دەكرێت بەڵام هیچ دەستخۆشی و ڕێز و شكۆیەك لە لایەن بەرپرسانی ئەو كەناڵەوە بۆ ڕۆژنامەنووسان دانانرێت.

٢. لە ڕووی مادییەوە: بە هیچ شێوەیەك كەناڵی ئێن ئاڕ تی پابەند نەبووە و نابێت بەو گرێبەستەی كە لەگەڵ كارمەندەكانی كردووە، جگە لەوەی ٣٠٪ موچەكانی بڕیون، ساڵانه هیچ بڕە پارەیەك وەك ئەوەی لە گرێبەستەكەدا هاتووە بۆ كارمەندەكان خەرج ناكرێت و سەرباری ئەوەش لە بچووكترین هەڵەدا كارمەندەكان سزای مادی دەدرێن و ئەمەش لە كاتێكدایە ئەو كەناڵە هەمان ڕەخنە لە حكومەت و حزبەكانی دیكە دەگرێت.

٣. لە ڕووی ماف و خزمەتگوزارییەوە: بەداخەوە بەرپرسان و ئیدارەی ئەو كەناڵە تەنانەت ئاوی خواردنەوە بەڕێكوپێكی بۆ كارمەندەكانیان دابین ناكەن و چەندین جار كارمەند لە دەرەوە ئاوی خواردنەوەی بردووە، جگە لە نەبوونی خواردن و شوێنی حەوانەوەی كارمەندەكان، كە بە پێی یاسا بەركارەكان دەبێ هەبێت و دەیان كەموكورتی تر كە ناكرێت سەرجەمیان لێرەدا باس بكرێت.

لە كۆتاییدا داواكارین لەسەرجەم ڕۆژنامەنووسان كە هاودەنگبن بۆ هەمواری یاسای كاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستاندا بە شێوەیەك كە ماف و ئیمتیازاتی ڕۆژنامەنوسانی تێدا پارێزراو بێت