ئەندازیارێكی كشتوكاڵی: حكومەت هۆكاری خراپی بازاڕی بەرهەمی كشتوكاڵی ناوخۆیە

27/07/2019 - 11:18 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


كوردیو – سلێمانی


ئەندازیارێكی كشتوكاڵی و سەرپەرشتیاری خانوی پلاستیكی لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی چەمچەماڵ ڕایدەگەیەنێت: بەداخەوە بەرهەمی كشتوكاڵی ناوخۆ نرخی لەچاو بەرهەمی هاوردەكراو زۆر كەمەو ئەوەش زیانی بۆ كەرتی كشتوكاڵی هەرێم دەبێت.


سەعید زەندی ئەندازیاری كشتوكاڵی و سەرپەرشتیاری خانوی پلاستیكی لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی چەمچەماڵ، تایبەت بە كوردیوی ڕاگەیاند: بە هەوڵ وماندوو بون و زەحمەتێكی زۆر و خەرجكردنی پارەیەكی زۆر بۆ تۆ و مەوادی قڕكەڕ لەلایەن جوتیارانی هەرێمەوە، لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكان و لەگەڵ بردنیان بۆ عەلوە نرخێكی زۆر كەم لەسەر بەرهەمی جوتیاران دادەنرێت.


ئەو ئەندازیارەی كشتوكاڵ، ئەوەشی خستەڕوو: لەئێستادا و لەدوای ئەو خەرجیە زۆرە یەك كیلۆ خەیار ١٢٠ بۆ ١٥٠ دینار بۆ جوتیاران دەكات، واتە یەك تەن خەیار ١٢٠ بۆ ١٥٠ هەزاردینار دەكات.


هەروها ووتیشی: دەبێت جوتیار چی بدات بە خەرجی و و قەرزی نوسینگە كشتوكاڵیەكان و چی بدات بە كرێی گواستنەوەو عمولەی عەلوەو چی دانێت بۆ ماندووبونەكەی و چیش قازانج بكات؟.


ئاماژەی بەوەشكرد: بۆ بازاڕی ئێمە پڕە لەبەرهەمی وڵاتانی دراوسێ؟، كەچی بەرهەمی ئێمە لەسنوری هەرێم تێپەڕ ناكات، هەندێك جار بەرهەمی ناوخۆی هەرێم ناگاتە كركوك و ناوچەكانی تری كوردنشین.


سەعید زەندی ئەوەشی خستەڕوو: بەرپرسیارەیەتی یەكەم لەم حاڵەتە حكومەت و لایەنی پەیوەندی دارە، كە وەزراەتی كشتووكاڵە، دەبێت هەرچی زووترە پلانی هەبێت بۆساڵی داهاتوو، بۆ ئەوەی چیتر جوتیاری ئێمە مایەپوچ و ڕەنجەڕۆ نەبێت، لەبری بەرهەمهێن خۆشی نەبێتە بەكاربەری بەرهەمی جوتیاری وڵاتانی دراوسێ .