ژووری منداڵبوون بەبێ ئازار لە نەخۆشخانەی مناڵبوونی سلێمانی كرایەوە

28/07/2019 - 13:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی مناڵبوونی فێركاری لە سلێمانی ڕادەگەیەنێت: ژووری منداڵبوون بەبێ ئازار لە نەخۆشخانەی مناڵبوونی سلێمانی كرایەوەو ئەو كەسانەی لەئازاردان بەهەڵمژینی غازەكە ئازارەكەیان كەم دەبێتەوە.


د. شلێر فایەق بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی مناڵبوونی فێركاری سلێمانی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەم خزمەتگوزاریە نوێیە بریتیە لەغازی ئەنتۆنۆكس كە تێكەڵەیەكە لەغازی ئەنترۆئۆكساید لەگەڵ ئۆكسجین و لەوڵاتاندا زۆر بەكاردێت و ئەو كەسانەی لەئازاردان بەهەڵمژینی غازەكە ئازارەكەیان كەم دەبێتەوە.

 

وتیشی: ماوەی زیاتر لەساڵێكە سەرقاڵی ئامادەكردنی ئەم پڕۆژەیەن ، ویستیان منداڵبوونی بێ ئازار بێننە نەخۆشخانەی مناڵبوون بەهۆی ئەوەی ڕێژەی منداڵبوون بەنەشتەرگەری زیادی كردووە، ئەم هەنگاوە یەكێكە لەو ڕێگاچارانەی مەترسی لەدایكبوون بەشێوەی سروشتی كەم دەكاتەوە.

 

د.سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند: تەندروستی سلێمانی مێژوویەكی نوێ لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكی تازە دەست پێدەكات كە بەكارهێنانی غازە لەكەمكردنەوەی ئازار بۆلەدایك بوونی منداڵ بەشێوەی سروشتی و ئەم جۆرە غازە تاقیكراوەتەوە كەهیچ جۆرە زیانێكی نابێت لەسەر دایكەكە و مناڵەكەی.

 

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دڵنیایی دایە هەموولایەك كەتێچووی غازەكە هەرچەندێك بێت لەئەستۆی دەگرن و دابینی دەكەن.