ده‌ستكاری موچه‌ ده‌كرێت...ته‌نها ئه‌م چینه‌ ده‌گرێته‌وه‌

admin 01/08/2019 - 10:35 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لیژنەی یاسایی لەئەنجومەنی نوێنەران ڕونکردنەوە لەبارەی ناردنەوەی پڕۆژەیاسای چاکسازیی و خانەنشینی لەحکومەتەوە بۆ پەرلەمان دەدات، بڕیاردەری لیژنەکەش ڕایدەگەیەنێت، "نیەتێکی جدی بۆ چاکسازی لەم خولەی پەرلەماندا ھەیە"، ڕونکردنەوەش لەبارەی بڕی موچەی خانەنشینیەوە دەدات.

جەلال محەمەد بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، "پڕۆژەیاسای چاکسازی کە تائێستا لەحکومەتی ھەرێمەوە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان نەکراوە، بەڵام فرە ڕەھەندەو چەند لایەنێک لەخۆدەگرێت کە لەموچەی پلە باڵاوە دەستپێدەکات تا کەمترین موچە".

وتیشی:"دوای ئەوەی پڕۆژەکە دەخرێتە بەردەم لیژنەی یاسایی و تاووتوێدەکرێت و راپۆرتی تێروتەسەلی لەسەر دەنوسرێت، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی ھەرێم لەم قۆناغەدا نیەتی چاکسازیی ھەیە".

سەبارەت بەزیادکردنی موچەی خانەنشینی کە پێشتر باسی لێوەکراوە بکرێتە ٤٠٠ ھەزار دینار وەکو کەمترین موچە, بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمان بۆ تۆڕی سلێمانی وتی:"نیەتێک ھەیە چاکسازی لەم قۆناغەدا لەبەرژەوەندی ھاوڵاتیانی ھەرێم ئەنجامبدرێت و ئێمەش وەکو لیژنەکە داکۆکی دەکەین بەجۆرێک کە کەمترین موچەی خانەنشینی لەڕێگەی پڕۆژەیاساکەوە ٤٠٠ ھەزار دینار جێگیربکرێت".