کاتی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پەروەردە دیاری كرا

04/08/2019 - 16:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی دابەشکردنی مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەی دیاری کرد

بەپێی ئەو لیستەی لە گەنجینەی وەزارەتی داراییەوە بئاماژەی بۆ كراوە، رۆژی سێشەممە 6ی 8 ی 2019، مووچەی مانگی 5ی وەزارەتی پەروەردە دابەش دەکرێت.

بۆ مووچەی مانگانەی وەزارەتی پەروەردە، حكوومەتی هەرێم پێویستی بە زیاتر لە 158 ملیار دینار هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی 8ی 2019وە وەزارەتی دارایی بە دابەشكردنی مووچەی پێشمەرگە، دەستی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 5 كردووە.

 

پێشووتر عابد مزووری، بەڕێوەبەری لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق  ڕایگەیاند: "ئەگەر حكوومەتی عێراقی پێش جەژن مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابەش بكات، ئەوە بڕە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیش دەنێردرێت".

ڕوونیشی كردەوە: "ئەمساڵ پێش جەژنی ڕەمەزان بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی خەرج كردووە، بۆیە زانیاری هەیە ئەم جەژنەش بدرێت و پارەی فەرمانبەرانی كوردستانیش خەرج دەكرێت“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە خەڵك بۆ جەژن پێویستی بە پارە هەیە، بۆیە ”ئێمەش هەركات فەرمانی خەرجكردنی پارەمان بۆ بێت ئەوە پارەكە بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرین".

 

بەڕێوەبەری لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق جەختی له‌وه‌ش کردەوە، پارەیان ئامادەیە و ھەر کاتێک نووسراوی خەرجکردنی پارەکەیان بۆ بنێردرێت، پارەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی مووچەی پێ بدرێت.

 

پێشووتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو: "هەركات بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بنێرێت، ئەوە پێش جەژن مووچە دابەش دەكرێت، پارەمان بۆ بێت لە بەغداوە ئێمەش دابەشی دەكەین هیچ كێشەیەكمان نابێت".