هه‌واڵێكی گرنگ بۆ موچه‌خۆرانی هه‌رێم

05/08/2019 - 09:17 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


دوای دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و کۆتاییھاتنی پشووی ھاوینە، پەرلەمان کار لەسەر ئەو پرۆژەیاسایانە دەکات، کە پەیوەستن بە چاکسازییەوە، بە وتەی ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانیش، یەکەم پرۆژە، کە پەسەند بکرێت پرۆژەی چاکسازی دەبێت.

لە کۆبوونەوەی رۆژی ٣٠-٧-٢٠١٩ی ئەنجومەنی وەزیراندا، گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەیاسای چاکسازیی خانشینی و مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازەکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان کرا و بڕیار درا، گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە بکرێت و لە نزیکترین کاتدا بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان. له‌وباره‌یه‌وه‌ لەیلا عەبدولجەبار، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندوه‌، "حکوومەتی ھەرێم ھەنگاوی باشی ناوە بۆ ئەوەی چاکسازی بکات لە دامودەزگا حکوومیەکاندا و، چاکسازییەکانیش بۆ نەھێشتنی گەندەڵی و جیاوازیی مووچەیە."

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێیوایە: "ئەوەی گرینگە حکوومەت و پەرلەمان ھاوڕان لەسەر پرسی چاکسازی، بەتایبەت ھەموو فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی کوردستانیش ھاودەنگ و یەکھەڵوێستن."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، "وتاری سەرۆکی حکوومەت لە پەرلەمان و کۆبوونەوەکانی ئەم دووایەی ئەنجومەنی وەزیران، ھەموو خاڵەکان لەسەر بابەتی چاکسازی بوو، ئەو ڕێنماییانەشی کە ئەنجومەنی وەزیران دەریکردن ھەمووی پەیوەست بوون بە چاکسازی و ھەنگاوێکیش بوو، بۆ بەجێگەیاندنی چاکسازی."

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە بە دەستکاریکردنی یاسای چاکسازی و ڕەوانە کردنەوەی بۆ پەرلەمانی کوردستان، ئەو ئەندام پەرلەمانەی فراکسیۆنی پارتییش دەڵێت: "ھەوڵی جددی لە لایەن سەرۆکی حکوومەتەوە ھەیە، ئێمەش پشتیوانی ئەو ھەوڵەی سەرۆکی حکوومەتین، بۆ ئەوەی گەندەڵی و نادادپەروەری لە ھەرێمی کوردستان بنبڕ بکرێت."

ڕوونيشيکردەوە: "دەزگای دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان پێشنیاریان وایە کە دادگایەکی سەربەخۆیان ھەبێت، بۆ ئەوەی کەیسەکانی گەندەڵی یەکلا بکەنەوە، بەجێگەیاندنی ئەم ھەنگاوەش گرینگە، وەکو پەرلەمانیش دەمانەوێت لەسەر ئاستی کوردستان بە زووترین کات پرسەکانی گەندەڵی یەکلا بکەینەوە."

وتيشي: "زۆرترین قسە لەسەر بابەتی خانەنشینیی پلە تایبەتاکانە، واتا خانەنشینانی پێشمەرگە و پەرلەمانتار و وەزیرەکان دەگرێتەوە. ھەروەھا نادادپەروەری بەگشتی لە دامەزراوەکاندا ھەیە، ھەوڵ دەدەین ئەو نێوانە نەمێنێ."