چی به‌سه‌ر ئه‌و پۆلیسه‌ی هه‌ولێر داهات كه‌ به‌پرسه‌ سه‌ربازیكه‌ی سزادا

05/08/2019 - 17:11 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی گرته‌یه‌كى ڤیدیۆى له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌ پۆلیسێكى هاتوچۆ له‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كى شه‌وانه‌دا ئۆتۆمبێلێك له‌سه‌ر (جامى ڕه‌ش) سزا ده‌دات و دواتر شۆفێرى ئۆتۆمبێله‌كه‌ خۆى ده‌ناسێنێت كه‌ پله‌ى سه‌ربازى له‌ به‌غدا هه‌یه‌ دواتر  ده‌نگۆى زۆرى به‌دوای خۆیدا هێنا كه‌ گوایه‌ ئه‌و پۆلیسى هاتوچۆیه‌ سزا دراوه‌ به‌ڵام وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى هه‌ولێر ڕاستى ڕووداوه‌كه‌ ئاشكر كرا.
 
رائید فازڵ حاجى وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى هه‌ولێر رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وه‌ كارێكى ئاساییه‌ ئه‌و پۆلیسه‌ى هاتوچۆ كردوویه‌تى و ئه‌و كه‌سه‌ش كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ى جامى ڕه‌ش بووه‌ سزا دراوه‌ به‌پێى یاسا.
 
ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و پۆلیسى هاتوچۆیه‌ یاسایى جێبه‌جێ كردووه‌ و یاسا جیاوازى ناكات له‌نێوان هیچ كه‌سێك.
 
دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى گرته‌ ڤیدیۆكه‌ ده‌نگۆى ئه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌و پۆلیسه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى لێ كراوه‌ یان سزا دراوه‌ و ئه‌و ئۆتۆمبێله‌یش هى پڕۆتۆكۆڵى كوردستان بووه‌. به‌ڵام به‌رپرسه‌كه‌ى هاتوچۆى هه‌ولێر بۆ ماڵپه‌ری وشه‌ ئه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ڕاى گه‌یاند، ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ هى پڕۆتۆكۆڵى كوردستان نییه‌، به‌ڵكو ئاساییه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ پێى بووه‌، ڕاسته‌ كه‌سه‌كه‌ پله‌ى سه‌ربازى هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا سه‌رپێچى هاتوچۆى كردووه‌.