وێستگەی كارەبای دوكان دەكەوێتە مەترسی

07/08/2019 - 08:29 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای دوكان بەهۆی زۆری تەمەنەكەیەوەو چەند كێشەیەكی تر لەمەترسیدایە.

(ئەبوبەكر حەمەد) لێپرسراوی وێستگەی كارۆ ئاوی دوكــان ڕایگەیاند : بەداخەوە پڕۆژەكەمان تەنها یەك یەكەی كار دەكات لەكۆی پێنج یەكە تەنها دڵسۆزی و لێهاتوویی كارمەندان و ئەندازیارانمان پڕۆژەكەیان ڕاگرتووە، چونكە زیاد لە ئەركی ئیداریان كاردەكەن كە ماندوبوونیان خزمەتێكی مێژووی نیشتیمانیەو جێگەی ڕێزە.

هاوكات ئاماژەی بەوە كردووە: پڕۆژەكە دەیان ملیۆن دۆلار داهاتی هەیەو سەرمایەیەكی نیشتیمانی گرنگە، بەڵام بەداخەوە هیچ بڕە پارەیەكی پێوست نیە بۆ نۆژەنكردنەوەو چارەسەری گرفتەكانمان، چەندین جاریش نووسراومان كردووە وەك پێوێست بەدەنگمانەوە نایەن.

ناوبراو بۆ ماڵپەڕێكی نزیك لەیەكێتی رونیشكردۆتەوە : گرفتەكانی وێستگەی كارۆ ئاوی دوكان بریتین لە نەبوونی بوجەی پێویست و كەمی كارمەندو نەبوونی خولی ئەكادیمی و زیادكردنی دەسەڵاتی ئیداری لە فەرمانگەیەكەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی وێستگەی كارۆئاوی دوكــان.

جەختیكردەوە: بۆیە كارمەندان و ئەندازیارانی ئەم پڕۆژەیە داواكارن لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان بەهانایانەوە بچن و بەیاسا بڕێك لەو داهاتەی پڕۆژەكە، بۆ خۆی خەرج بكرێت، چونكە وەك خۆیان هێمای بۆ دەكەن بەم شێوەیە بڕوات پڕۆژەكە بەتەواوی پەكی دەكەوێت دەبێت دەرگای لێ دابخرێت.

وێستەگەی كارۆئاوی دوكان نزیكەی نیو سەدەیە خزمەت دەكات گەر هەر پێنج یەكەكەی كاربكات چوار سەد مێگاوات كارەبا بەرهەم دێنێت.