دوكان ... لەپێناو سەلامەتی گەشتیاران ڕێنمای تایبەت درا بەخاوەن كەپرو كابینەكان

07/08/2019 - 17:45 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

قائیمقامیەتی قەزای دوكان ڕایدەگەیەنێت: پێویستە خاوەن كەپرو كابینەكان ڕەچاوی مەرجەكانی پاراستن و سەلامەتی گیانی گەشتیاران بن و نرخی شوێنە گەشتیاریەكان زیادنەكەن.

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە سیروان سەرحەد قائیمقامی قەزای دوكان لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردیو كەوتووە ڕایگەیاند: پێویستە هەموو خاوەن كەپر و كابینە گەشتیاریەكان ڕەچاوی مەرجەكانی سەلامەتی شوێنە گەشتیاریەكانیان بن و پشكنینی تەواو بۆ شوێنەكانیان بكەن پێش ئەوەی بدرێت بە هاوڵاتیان.

 

هەورەها لەڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە: دەبێت هاوكاری تەواوی گەشتیاران لەڕووی پێشوازی و پاراستنی سەلامەتیان:
- بەرزنەكردنەوەی نرخی شوێنە گەشتیارییەكان.
- بونی چاودێر لە پڕۆژە گەشتیارییەكاندا تا گەشتیاران ئاگادار بكاتەوە لە مەلەكردن و چوونە ناو ئاوكەوە.
- پێویستە لەسەر وەسڵی پارە وەرگرتن ڕێنمای تایبەت بدرێتە گەشتیاران.
- گرنگی بە پاك و خاونی بدرێت و بردنە ژورەوەی چەك قەدەغە بكرێت.
- ئەو كابینانەی كەم و كوڕیان هەیە نەدرێن بە كرێ.
- پێش وەخت ئاگاداری هاوڵاتیان بكرێت لە نرخی مانەوەیان و پشكنین و دڵنیابوون لە ئامێرەكانی سەلامەتی و كارەبای كەپرو پڕۆژەكان.
- بۆ ئەو پڕۆژانەی بەلەمیان تیادا بەكاردێت ڕەچاوی مەرج و ڕێنماییەكان بكرێت.
- خاوەن بەلەمەكانیش نەفەری زیاد هەڵنەگرن و بەرگی مەلەوانی بەسەر نەفرەكاندا دابەش بكەن.

 

سیروان سرحد ڕاشیگەیاند: ئەم ڕێنماییانە لەپێش جەژنی قوربانەوە جێبەجێ دەكرێن و هەر كەسێكیش پابەند نەبێت ڕێكاری یاسای لەبەرامبەردا دەگیرێتە بەر .