بەرپرسێكی پارتی لە كەركوك لادەبرێت و كەسێكی یەكێتی لەجێگەكەی دادەندرێت

08/08/2019 - 08:40 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دوای سێ رۆژ لە دەستنیشانكردنی عەقید (دانیاڵ جەبار ئەحمەد) لە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك لە پشكی پارتی، بڕیاری دوورخستنەوەی دەدات و لە شوێنی ئەو عەمید (سابیر عوبێد رەحمان) دادەنێت كە ناوبراو یەكێتییە، بڕیارەكە جۆرێك لە ناڕەزایی لێكەوتۆتەوەو هێشتا بە تەواوی لە كەركوك جێبەجێنەكراوە.

یەكشەممەی رابردوو، عەقید (دانیاڵ جەبار ئەحمەد) لە پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك دەستبەكاربوو، ئەوەش بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەڵام بە بڕیارێكی نوێی هەمان وەزارەت ناوبراو دوێنێ‌ لابرایەوەو عەمید (سابیر عوبێد رەحمان) لە پشكی یەكێتی لە شوێنەكەی دانرا.

سەرچاوەیەكی باڵا لە پۆلیسی كەركوك، لەبەرئەوەی بە بڕیاری وەزارەت پێیان وتراوە لەسەر ئەو بابەتە لێدوان نەدەن، بە كەركوك ناوی وتوە، بەپێی نوێترین بڕیاری وەزارەت عەقید (دانیاڵ جەبار ئەحمەد) لەو پۆستە لابراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێنەكراوە.

وتیشی، بابەتەكە تۆزێك هەستیارە، رەنگە ئەمڕۆ بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، یان دوای جەژن، جارێ هیچ دیار نییە، بەبێ ئەوەی زانیاری زیاتر ئاشكرا بكات.

ئەوەش لەكاتێكدایە عەقید (دانیاڵ جەبار) دەوامی خۆی كردووە وەكو بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتن و وتی، هیچ شتێكی رەسمیم پێنەگەیشتووەو دەوامی خۆم دەكەم.