مووچەی ئەم وەزارەتانە لەم وادەیە دابەش دەكرێت

09/08/2019 - 17:53 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

بەهۆی پشووەكانی جەژنی قوربانەوە، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەغداوە دوادەكەوێت، ئەندامێكی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دڵنیایی دەدات كە هیچ گرفتێك لەناردنی پارەكە نییە، بەڵام بەهۆی پشووەكانەوە چەند ڕۆژێك دوادەكەوێت.

(شێروان میرزا) ئەندامی لێژنەی دارایی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: ئەگەرچی مانگەكانی ڕابردوو لەنێوان (16 – 17) ی مانگ مووچەی فەرمانبەران كە بڕەكەی (454) ملیار دینارە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرا، بەڵام ئەم مانگە دەكەوێتە ڕۆژانی یەكشەممەو دووشەممەی دوای جەژن.

وتیشی: بەهۆی پشووەكانی جەژنی قوربانەوە، چەند ڕۆژێك ناردنی پارەكەی بەغدا دوادەكەوێت، بەڵام هیچ گرفت و كێشەیەك لەناردنی پارەكە ڕووینەداوەو دوای پشووەكان ڕاستەوخۆ دەنێردرێت.

لەلای خۆشیەوە، حاجی عابد مزوری، بەڕێوەبەری گشتی بەنكی ناوەندی لەهەولێر بە ئێس ئێن ئێنی ڕاگەیاند: تاوەكو ئێستا لەبەغداوە فەرمانمان بۆ نەهاتووە كە مووچەی فەرمانبەران بخەینە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی، تا موچەی وەزارەتەكانی پێ دابەش بكات.

وتیشی: زانیاریمان نییە چ كاتێك لەبەغداوە فەرمانمان بۆ دەردەچێت، بەڵام هەركاتێك فەرمانەكەمان پێكرا، ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی هەرێم دەكەین.