سەرۆك وەزیری عێراق : مووچەی خەڵكی كوردستان نابڕین

10/08/2019 - 08:49 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

 

 

سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، شەڕی دژی داعش دوورودرێژ دەبێت و بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی عێراق مامەڵەی دروست دەكەین.

(عادل عەبدولـمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق لەمیانەی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ پەیامنێرانی چەند كەناڵێكی راگەیاندنی عەرەبی و بیانی وتی: نزیكەی (30) هەزار ئاوارەی عێراق لەكەمپی هۆڵن لەسوریاو پلانمان هەیە بۆ گەڕانەوەیان.

وتیشی: بەشی زۆری ئاوارەكانمان خەڵكی پارێزگای نەینەوان و لەو ژمارە ئاوارەیەش بەشی زۆری لەهەرێمی كوردستانن و بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و هاوكاریان پێشكەش دەكرێت.

لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان و هەرێم و بەغدا رایگەیاند: بۆ ئێمە، كوردو عەرەب و رەگەزەكانی دیكەی عێراق جیاوازی نیەو هەموومان هاوڵاتی عێراقین و پابەند دەبین لەسەر ئەو رێككەوتنەی كەلەنێوان هەردوولادا هەیەو قوتی خەڵكی كوردستان تێكەڵی بابەتی سیاسی ناكەین و لەسەر شانمان پێویستە بەپێی دەستوری عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هەموو هاوڵاتییەكی عێراق بكەین بێ جیاوازی، لەبەرامبەریشدا پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی رێككەوتنەكەمان بێت و ئامادەبێت رۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، تا هەنگاوی نوێ بۆ بەرەوپێشبردنی رێككەوتنەكەمان بنێین.