ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای هه‌رێم داوایەك لە حاجیانی كورد دەكات

10/08/2019 - 15:06 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

داوا له‌حاجیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت رێوڕه‌سمی قوربانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بده‌ن، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای هه‌رێمیش له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، باشتروایه‌ حاجیانی كورد قوربانی له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامبده‌ن بۆئه‌وه‌ی خێزانه‌ هه‌ژاره‌كان سوودی لێوه‌ربگرن.

ساڵانه‌ حاجیانی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌فه‌ری حه‌جدا، وێرای فیدیه‌كانی حه‌ج، رێوڕه‌سمی قوربانیش له‌ مه‌ككه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌لایه‌ن مامۆستایان و پسپۆڕانی ئاینییه‌وه‌ داوا ده‌كرێت كه‌ ئه‌و قوربانییه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان بكرێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌، د.عیرفان ره‌شید وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای هه‌رێم،  رایگه‌یاند، باشتروایه‌ حاجیانی هه‌رێمی كوردستان رێوڕه‌سمی قوربانی له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بده‌ن، بۆئه‌وه‌ی خێزانه‌ هه‌ژاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان سودمه‌ند ببن.

وتیشی:"به‌شێكی زۆری مامۆستایانی ئاینی ئه‌و بۆچوونه‌یان هه‌یه‌و به‌باشی ده‌زانن هه‌ژارانی هه‌رێم سوود له‌ گۆشتی قوربانی وه‌ربگرن".

د.عیرفان ره‌شید بۆ سایتی سلێمانی ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، قوربانیكردن له‌سه‌ر حاجیان واجب نییه‌و مه‌رج نییه‌ هه‌موو حاجیان قوربانی بكه‌ن، به‌ڵام پێدانی فیدیه‌ واجبه‌و ده‌شبێت له‌شاری مه‌ككه‌ بدرێت.

پێشووتریش، یه‌كێتی زانایانی كوردستان داوایان له‌ حاجیانی كورد كرد، له‌ڕێگه‌ی كه‌سوكاریانه‌وه‌ قوربانی له‌هه‌رێم ئه‌نجام بده‌ن.