لە جەژندا ئەم كارە بكەی دەستگیر دەكرێی

10/08/2019 - 15:23 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی شارەوانییەکانی هەولێر رایدەگەیەنێت: هەر کەسێک پاشماوەی قوربانییەکەی بە ئۆتۆمبێلی خۆی ببات لەسەر رێگەکانی موسڵ و کەرکوک یان لەناو زبڵی ماڵان و گەڕەکی دیکە فڕێبدات، ئەوا دەستگیر دەکرێت.

 

کازم کانەبی، قەسابە و رۆژانی جەژن بە پارەیەکی کەمتر لە سەربڕخانەی هەولێر سەری ئاژەڵان دەبڕێت لە رۆژانی جەژنی قورباندا، دەڵێت: "من لە 6 گەڕەکی لای خۆمان کە نزیکەی 70 ماڵ دەبن داوایان لێکردووم لەرۆژانی جەژندا بچم بۆ لایان و سەری ئاژەڵان ببڕم بە نرخی جیا جیا کە کەمترە لەوەی سەربڕخانەی هەولێر و لەنێوان 20 بۆ 40 هەزار دینارە، خەڵکیش هەمووی ناتوانێت یان کاتی نیە بچێت بۆ سەربڕخانە بۆیە لەبەردەم ماڵەکانیان سەری ئاژەڵەکان دەبڕن".

لەبارەی پیسبوونی ژینگە و تەندروستی ئاژەڵەکان و گۆشتەکانیان ئەو قەسابە دەڵێت: "ئەوە پەیوەندی بەمنەوە نیە من حکومەت نیم، تەنیا سەری ئاژەڵەکان دەبڕم لەسەر داواکاری خەڵک هەم خێرە و هەم قازانجی خۆم، ژینگەش پیس نابێت بە سەربڕین، چونکە ئەوە خوێنە و دەبێت بە ئاو و دەچێتە ناو زێرابەکانەوە".

هەروەها شارەوانی هەولێر هۆشداری توند دەداتە هاووڵاتیان و باس لەوە دەکات: لەسەرجەم شارەوانییەکان تیمی گەڕۆکیان هەیە و بەوردی چاودێری گەڕەکەکان دەکەن، هەر کەسێک نایاسایی بکات رووبەڕووی دادگای دەکەنەوە".

سۆران محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی شارەوانییەکان ڕایگەیاند: "بەهیچ جۆرێک رێگە نادەین ژینگە پیس بکرێت و پاشماوەی ئاژەڵی سەربڕدراوی قوربانییەکان لەگەڕەکەکان فڕێبدرێت وەک پێست، ورگ، قاچ و پاشماوەی ئێسک، هەر ماڵێک ئەوە بکات خۆی و گەڕەکەکەشی سزا دەدرێت و رووبەڕووی دادگایان دەکەینەوە".

دەشڵێت: "ئاگاداری ئەوەشین ساڵانی رابوردوو خەڵک هەبووە پاشماوەی قوربانییەکەی بە ئۆتۆمبێلی خۆی بردووە لەسەر رێگەکانی موسڵ و کەرکوک یان لەناو زبڵی ماڵان و گەڕەکی دیکە فڕێداوە، بۆیە هەر حاڵەتێکی هاوشێوە ببینین هاووڵاتیەکە دەستگیر دەکەین و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگرین و دەیدەینە دادگا".

بەپێی بەدوواداچوونەکانی دواڕۆژ زیاتر لە دوو هەزار ئاژەڵ لەدەرەوەی سەربڕخانەی هەولێر سەردەبڕدرێن و زیاتر لە حەوت هەزاریش لە سەربڕخانەی هەولێر کە سەر بە حکومەتە و لەلایەن پارێزگای هەولێر سەرپەرشتی دەکرێت سەردەبڕدرێن واتا نزیکەی 10 هەزار ئاژەڵ لەهەولێر سەردەبڕدرێت".