ئەمینداری گشتی یەكگرتوو"هاوڵاتیان چاروەرێی هەڵمەتێکی عەمەلی بۆ چاکسازی و قەڵاچۆکردنی گەندەڵین لە كاربەدەستان"

10/08/2019 - 15:46 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

"

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێدا دوادەكات" هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە وێستگەی ئاشتەوایی گشتی لە نێوانی تاکەکانی کۆمەڵگە و هێزە سیاسیەکان و حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن سەرجەم کایە کۆمەڵایەتی و ئابوری و مەدەنیەکان بەرزببنەوە بۆ ئاستی بەرپرسیاریەتی مێژوویی و لە جیاتی ململانێی ناتەندروست."

دەقی پەیامەكەی مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز ..

بسم الله الرحمن الرحیم

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە جوانترین جەژنە پیرۆزە ئاراستەی سەرجەم ئوممەتی ئیسلام بەگشتی و گەلی موسڵمانی کوردستان و عێراق بەتایبەتی دەکەم.. لە خودای پەروەردگار داواکارم بە خێر و خۆشی بگەڕێتەوە بەسەر گەلەکەماندا و گەل و وڵاتمان بەدووربێ لە هەموو ناخۆشی و کارەسات و نەهامەتیەک.. حاجیانی ئازیزمان بە سەلامەتی و قبوڵی عیبادەتیان بەخۆشی بگەڕێنەوە..

هەروەک هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە وێستگەی ئاشتەوایی گشتی لە نێوانی تاکەکانی کۆمەڵگە و هێزە سیاسیەکان و حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن سەرجەم کایە کۆمەڵایەتی و ئابوری و مەدەنیەکان بەرزببنەوە بۆ ئاستی بەرپرسیاریەتی مێژوویی و لە جیاتی ململانێی ناتەندروست بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە رەچاو بکەن و یەکریزبن لە ئاست هەڕەشەکاندا و خاڵە هاوبەش و بنەما نیشتمانیەکان و بەرژەوەندیە گشتی یەکانی گەل و نیشتمان و وڵات و ئەزمونە سیاسیەکەمان لەسەروی خاڵە ناکۆکی و خواستە حزبیەکانەوە دابنێن .

چونکە ئەمە قۆناغێکی نوێ یە و ئەرک و خواستەکانی جیاوازن و پێویستی بە هەڵوێست و پێ هەڵسانی نوێ هەیە .. گەلەکەمان چاوەرێ دەکات کاربەردەستانی هەرێم ئیرادە و پلانیان ببێ بۆ دابینکردنی خواستە بنەڕەتیە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان لە بژێوی و موچە و کارەبا و خزمەتگوزاریەکان و دابینکردنی سەروەری یاسا و ئازادی و مافەکانی مرۆڤی کوردستانی.. وێڕای هەڵمەتێکی عەمەلی بۆ چاکسازی و قەڵاچۆکردنی گەندەڵی سەرتاسەری لەگەڵ هەڵمەتێکی ئاشتکردنەوەی هاوڵاتیان و بنیاتنانەوەی متمانە لە نێوان گەل و دەسەڵاتدا بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و سەلماندنی سەروەری گەل و نوێنەرایەتی پەرلەمان و خزمەتگوزار بوونی حکومەت و بە میللی کردنی دەسەڵات ..

جارێکی تر جەژنی هەمولایەک پیرۆزبێ ..
بەرەو ئایندەیەکی گەشتتر ...

براتان 
صلاح الدین محمد بهاءالدین
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
9ـی ذالحجةی 1440ـی كۆچی