ئەم كابینەیە دەیداتەوە؟ دواین زانیاری لەسەر پاشەكەوتی مووچە

12/08/2019 - 17:38 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی
بەپێی زانیاریەكان كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم هیچ بەرنامەیەكی نییە بۆ گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران، راشدەگەیەنرێت پاشەكەوتی موچە لەم كابینەیەشدا دەمێنێتەوەو بەئاسانی چارەسەر ناكرێت.
 
ئەحمەد گەرمیانی، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان راگەیاند "بەرنامەی كابینەی نوێی حكومەتمان خوێندۆتەوە، كە لەلایەن سێ حزبی گەورەی كوردستانەوە نوسراوە، بەیەك وشە باسی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران ناكات."
 
وتیشی: "پاشەكەوتی موچە كێشەو گیروگرفتێكە لەم كابینەیەی حكومەتیش دەمێنێتەوەو بەئاسانی چارەسەر ناكرێت، بەحكومی ئەوەی گەڕانەوەی پاشەكەوتی موچە پەیوەندی بەداهاتەوە هەیە، داهاتی هەرێمی كوردستانیش لەماوەی ئەم چەند ساڵەی داهاتوودا ئەوەندە زیاد ناكات كە بتوانێت پاشەكەوت بداتەوە".
 
راشیگەیاند: كابینەی پێشووی حكومەت پاشەكەوتی موچەی لابردو ئەوەشی راگەیاندووە كە بۆ چارەسەركردنی ئەو پاشەكەوتە لەگەڵ حكومەتی عیراق گفتوگۆ دەكەن.
 
جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان بۆ سایتی سلێمانی وتی: "پێشبینی ئەوە ناكەم حكومەت بەمنزیكانە پاشەكەوتی موچە بگەڕێنێتەوە".
 
 
وتیشی: "لەئێستادا مانگانە موچە دابەشدەكرێت، بەڵام سێ مانگ دواكەوتووە، چاوەڕێی ئەوە ناكەم حكومەت موچە رێكبكاتەوە، نەك چاوەڕێش ناكەم، بەڵكو دڵنیام حكومەت تەنیا دەتوانێت 30 رۆژ جارێك موچە دابەشبكات".