پەرلەمان لەبارەی دەوامی فەرمانبەرانەوە پێشنیازێک ئاراستەی حکومەت دەکات

13/08/2019 - 07:05 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

پەرلەمانی کوردستان داوا لە حکومەت دەکات جیاوازی لە کاتی دەوامی فەرمانبەراندا بکات، پەرلەمانتارێکیش وەڵامی حکومەت ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت: ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکان چارەسەری ئەو بابەتە دەکات.

راھی رەھبەر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاندوه‌، بڕیاری رێکخستنەوەی دەوامی فەرمانبەران لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، جیاوازی تێدا نەکراوەو ھەموو فەرمانبەران وەکویەک سەیرکراوە، لەکاتێکدا دەبوایە رەچاوی کاری ھەندێک لەفەرمانبەران بکرایە.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی وتیشی: داوامانکردووە جیاوازی بکرێت لە دەوامی فەرمانبەران، چونکە فەرمانبەران لە کارەکەکانیان جیاوازن و دەکرا لە بڕیارەکەدا رەچاوی ئەو بابەتە بکرایە.

لەماوەی رابردوودا ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا دەوامی ئاسایی سەرجەم فەرمانگەکان لە ٨ی بەیانییەوە تا ٣ی پاشنیوەڕۆ بەردەوام بێت.

سەبارەت بە وەڵامی حکومەت بۆ داواکەی پەرلەمان، راھی راھبەر ئاشکرایکرد، وەڵامی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەبووە لە ئاستی بەرێوەبەرایەتییەکان چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ شێوازی دەوامی فەرمانبەرەکانیان بەپێی کارەکانیان، وتی: بەڵام حکومەت سوورە لەسەر بڕیارەکەی و دەبێت فەرمانبەران لە سەعات ھەشتەوە تا سێ دەوام بکەن.