هەواڵێك لەبارەی پاشەكەوتی موچەوە

13/08/2019 - 07:07 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی


تائێستا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم هیچ بەرنامەیەكی نییە بۆ گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیش رایدەگەیەنێت: پاشەكەوتی موچە لەم كابینەیەشدا دەمێنێتەوەو بەئاسانی چارەسەر ناكرێت.

ئەحمەد گەرمیانی، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاندوه‌، بەرنامەی كابینەی نوێی حكومەتمان خوێندۆتەوە، كە لەلایەن سێ حزبی گەورەی كوردستانەوە نوسراوە، بەیەك وشە باسی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران ناكات.

ناوبراو وتیشی: "پاشەكەوتی موچە كێشەو گیروگرفتێكە لەم كابینەیەی حكومەتیش دەمێنێتەوەو بەئاسانی چارەسەر ناكرێت، بەحكومی ئەوەی گەڕانەوەی پاشەكەوتی موچە پەیوەندی بەداهاتەوە هەیە، داهاتی هەرێمی كوردستانیش لەماوەی ئەم چەند ساڵەی داهاتوودا ئەوەندە زیاد ناكات كە بتوانێت پاشەكەوت بداتەوە".

هێمای بۆ ئه‌وه‌شكرد، كابینەی پێشووی حكومەت پاشەكەوتی موچەی لابرد و ئەوەشی راگەیاندووە، كە بۆ چارەسەركردنی ئەو پاشەكەوتە لەگەڵ حكومەتی عیراق گفتوگۆ دەكەن، وتیشی: "پێشبینی ئەوە ناكەم حكومەت بەمنزیكانە پاشەكەوتی موچە بگەڕێنێتەوە".

ئەحمەد گەرمیانی له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌ی بۆ سایتی تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو"لەئێستادا مانگانە موچە دابەشدەكرێت، بەڵام سێ مانگ دواكەوتووە، چاوەڕێی ئەوە ناكەم حكومەت موچە رێكبكاتەوە، نەك چاوەڕێش ناكەم، بەڵكو دڵنیام حكومەت تەنیا دەتوانێت 30 رۆژ جارێك موچە دابەشبكات".