چەندین گۆشتفرۆش سزا دران

14/08/2019 - 16:32 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

لەچەند گەڕەكێك و سەرشەقامێكی شاری ھەولێر دیاردەی سەربڕینی ئاژەڵ بەدی كرا بەو هۆیەوە چەندین دوكانی گۆشتفرۆش داخران.


لە ڕاگەیەندراوێکدا قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر ئاشکرایکرد ، دوای ئەوەی بۆ چەندین جار لە ڕاگەیاندنەكان ئاگاداری سەرجەم گۆشت فرۆشەكانی شاری هەولێر كراوەتەوە سەربڕینی ئاژەڵ جگە لەبەڕێوەبەرایەتی كوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر قەدەغەیە ، بەڵام تێبینی كرا لە چەند گەڕەكێك و سەرشەقامێك دیاردەی سەر بڕینی ئاژەڵ هەبووە.

ڕاشیگەیاندووە، سەربڕینی ئاژەڵەكان بەدەر لە ڕێنماییەكانی ڤێتێرنەری و تەندروستیەكان ئەنجام دەدرێت ئەمەش جگە لە دیاردەی ناشارستانی و پیسكردنی ژینگە پێچەوانەی ڕێنماییەكانە.

ڕوونیشیکردوەتەوە، قایمقامیەتی ناوەندیی هەولێریش لەڕێگای بەشی پۆلیسی شارەوانی لەهەڵمەتێكی بەرفراواندا توانرا چەندین دوكانی گۆشتفرۆش دابخەن لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنی چەندین ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەكان، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەكانیان دەگیرێتەبەر هەڵمەتەكەش بەردەوام دەبێت، هەركەسێك پابەند نەبێ بەڕێنماییەكان شوێنەكەی دادەخرێت ڕووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە.