حه‌شارگه‌یەکی داعش له‌ که‌رکووک خاپوور کرا

17/08/2019 - 17:51 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵ/كوردستانی

سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌کانی عێراق باس له‌ کوژرانی پۆلیسێکی فیدڕاڵ و خاپوورکردنی حه‌شارگه‌یەكی تیرۆریستانی داعش له‌ پارێزگای  که‌رکووک ده‌که‌ن.

پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یەکدا باسی له‌وه‌ کرد که‌ هێزێکیان له‌ کاتی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه‌کانی له‌ داقۆق له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی پارێزگای  که‌رکووک گیانی له‌ده‌ست داوه‌.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقیش له‌ به‌یاننامه‌یەکدا ڕایگەیاند که‌ هێزه‌کانی هه‌واڵگری پۆلیسی فیدڕاڵ وه‌ک به‌شێک له‌ هێزی هه‌واڵگری ئه‌و وه‌زاره‌تە و به‌ پشتبه‌ستن به‌ زانیاریی ئیستیخباراتی حه‌شارگه‌یەکی چه‌کدارانی داعشیان له‌ گوندی "ئه‌لزکارته"‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای  که‌رکووک دۆزیوه‌ته‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا باس له‌وه‌ کراوه‌ که یه‌که‌کانی هه‌واڵگری پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق سێ بۆمبی وێرانکه‌ر، جیهازاتی تفه‌نگی کالیبری ئێم-16، خوارده‌مه‌نی، یۆنیفۆرمی سه‌ربازی و که‌لوپه‌لی دیکه‌یان له‌ حه‌شارگه‌که‌دا‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌ و ده‌ستیان به‌ سه‌ردا گرتووه‌ و دواتریش حه‌شارگه‌که‌یان خاپوور کردووه‌.